چاویارنیوز _ هیوا عومەر چالاکوان و رۆژنامەنووس باس لەوە دەکات، ئەوەی لە شاخەكانی دهۆك و دەڤەری ئامێدی و زاخۆ روودەدات، تەنها بڕینەوەی داربەڕوو نییە، بەڵكو هەوڵێكی رێكخراوە بۆ سڕینەوەی ناسنامەی خاكی كوردستان و جێبەجێكردنی ستراتیژی گۆرینی دیموگۆرافی ئەو ناوچەیە.
ئاماژەی بەوەکردووە، جێگەی سەرسوڕمانە، لە كاتێكدا چەندین بەرپرسی دهۆك و بەڵگەكان، راستی ئەم تاڵانكارییە پشتڕاست دەكەنەوە، كەچی بەشێكی تریان بە ئاشكرا نكۆڵی لێ دەكەن!، هەر ئەوانەی سەر لە ئاست بڕینەوەی سییەكانی نیشتمان كزدەكەن، رۆژانە بەسەر شاشەكانەوە “ناسنامەی نیشتمانپەروەری” بەسەر خەڵكدا دابەش دەكەن!
راشیگەیاندووە، ئەو بارهەڵگرانەی دارەكان دەبەن، بە بەرچاوی بازگەكانەوە تێدەپەڕن. چیتر هیچ بیانوویەك بۆ قبوڵكردنی “میت” و “جەندرمەی توركی” لە خاكی كوردستاندا نەماوە. ئەوان بوونەتە رێگر لە گەڕانەوەی خەڵك بۆ گوندەكانیان و تێكدانی ژینگەی ناوچەكە. ئەمە داگیركارییەكی هەمەلایەنەیە؛ هەم خاك و هەم ژینگەمان دەكرێتە ئامانج.
جەخت دەکاتەوە، ئەركی هەموو لایەكمانە (لایەنە سیاسییە نیشتمانییەكان، چالاكوانان، و رێكخراوەكان و ژینگەدۆستان)، بەیەكەوە فشاری راستەقینە دروست بكەین بۆ راگرتنی دەستبەجێی بڕینەوەی دارەكان و نێودەوڵەتیكردنی ئەم دۆسیەیەو تۆماركردنی سكاڵای یاسایی لە دژی ئەو كۆمپانیایانەی خەریكی ئەم تاڵانكارییەن و دەركردنی هێزە سەربازی و هەواڵگرییەكانی توركیا لە خاكی هەرێمی كوردستان.
No Comment! Be the first one.