چاویارنیوز – زانیاریی مەترسیدار لەبارەی پەرەسەندنی هەژموونی سەربازیی تورکیا لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێم لە ژێر دەسەڵاتی پارتی بڵاودەکرێتەوە.
ئەندامێکی تیمی کوردستانی عێراقی ڕێکخراوی سی پی تی (CPT)ی ئەمریکی، زانیاریی مەترسیدار لەبارەی پەرەسەندنی هەژموونی سەربازیی تورکیا لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان ئاشکرا دەکات و ڕایدەگەیەنێت، هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق لە کاتی هاتووچۆیاندا لەلایەن سوپای تورکیاوە دەپشکنرێن.
کامەران عوسمان، ئەندامی ڕێکخراوی CPT ، ڕایگەیاند: “تورکیا خاوەنی بارەگایەکی سەربازیی سەرەکییە لە (گەلی باڵندە)، بەڵام لە مانگی نیسانی ئەمساڵەوە، لە خوارووی ئەو سەربازگەیەوە و لە ناوچەی (ئاڤامارک) بازگەیەکی سەربازیی نوێی جێگیر کردووە.”
ئەم پێشڕەوییە نوێیەی سوپای تورکیا وایکردووە هێزە عێراقییەکان بکەونە ژێر ڕەحمەتی بازگەکانی ئەوانەوە، چونکە حکومەتی عێراق بارەگای سەربازیی لە ناوچەی (سیدا) هەیە کە دەکەوێتە پشتەوەی ئاڤامارک؛ بەو هۆیەشەوە هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق ناچارن بۆ گەیشتن بە بارەگاکەی خۆیان، بەو ڕێگەیە و بە ناو بازگەکەی تورکیادا هاتووچۆ بکەن.
سووکایەتی بە سەربازانی عێراق؛ پشکنین و کۆپیکردنی ناسنامەکان
سەبارەت بە ڕەفتاری سەربازانی تورکیا لەو بازگەیە بەرامبەر بە هێزە فەرمییەکانی عێراق، کامەران عوسمان ئاشکرای کرد:
*پشکنینی ورد: هەموو جارێک هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق لە بازگەی ئاڤامارک لەلایەن سوپای تورکیاوە دادەبەزێنرێن و دەپشکنرێن.
*تۆمارکردنی زانیاریی: ناسنامەی سەربازە عێراقییەکان وەردەگیرێت، ناوەکانیان تۆمار دەکرێت و کۆپیی ناسنامەکانیان دەکرێت.
*وەرگرتنی مۆڵەت پێشوەختە: کاتێک هێزەکانی عێراق لە بارەگای (سیدا) ئاڵوگۆڕی پێدەکرێت (وەجبەیان دەگۆڕدرێت)، دەبێت پێشوەختە لیستی ناوی تەواوی سەربازە عێراقییەکان بدرێتە بازگە تورکییەکە بۆ ئەوەی ڕێگەیان پێبدرێت تێپەڕبن.
No Comment! Be the first one.