چاویارن، ڕاپۆرت / لە کاتێکدا خەڵکی هەرێمی کوردستان لەژێر بارگرانیی قەیرانی بێمووچەیی، هەڵاوسان و داڕمانی بنەمای ژیاندا دەناڵێنن، دەسەڵاتدارانی حوکمڕانی هەرێم و حیزبە دەسەڵاتدارەکان هەموو هێڵە سوورە نیشتمانییەکانیان بۆ بەدەستهێنانی پۆست و دەستکەوتی حیزبیی تەسکی لە بەغدا بەزاندووە.
لەم چوارچێوەیەدا، ڕۆژنامەنووس و چالاکی مەدەنی «نیاز عەبدوڵڵا» ڕەخنەیەکی زۆر توند ئاراستەی سەرکردایەتیی سیاسی و حکومەتی هەرێم دەکات و دەسەڵاتداران تۆمەتبار دەکات بەوەی «ستراتیژی نیشتمانییان لەپێناو بەرژەوەندیی کەسی و بنەماڵەییدا ون کردووە و تەواوی شەرعییەتی حوکمڕانییان لەدەست داوە.»
لە شانازیی بە «دەستکەوتی کورد»ەوە بۆ چۆکدادان و سواڵی پۆست لە بەغدا
نیاز عەبدوڵڵا لە هەڵسەنگاندنەکەیدا بۆ گۆڕانی ئاڕاستەی سیاسیی دەسەڵاتی کوردی بەرامبەر بەغدا، پرسیار لەو دووفاقییە خیانەتکارانەیە دەکات کە چۆن دروشمەکان گۆڕاون. لە کابینە و سەردەمەکانی پێشوودا، کاتێک کورد پۆست یان پێگەیەکی لە حکومەتی فیدراڵدا بەدەست دەهێنا، دەسەڵاتدارانی هەرێم بە لوتبەرزییەوە دەیانگوت: «ئەمە دەستکەوتی نەتەوەیی کوردە لە بەغدا.»
بەڵام ئەمڕۆ، بەهۆی خلیسکانیان بۆ قووڵایی «عێراقچێتیی هەرزەکارانە» و ملکەچبوون بۆ سەرکردە عێراقییەکان، بێشەرمانە شانازی بەوە دەکەن و دەڵێن: *«عەلی زەیدی (سەرۆک وەزیرانی عێراق) پۆستێکی دا بە فڵان کەس لە فڵان حیزب!»* واتە گەورەترین شانازیی حیزبی حاکم لە ئێستادا بووەتە وەرگرتنی پۆست و پلە بە فەرمانی سەرکردە شیعە و سوننەکانی بەغدا، نەک بەرگریکردن لە مافی ڕەوای خەڵکی کوردستان.
حکومەتی ماوەبەسەرچوو و پەرلەمانی پەکخراو؛ نەبوونی هیچ ستراتیژێکی نیشتمانی
ئەم ڕۆژنامەنووسە بە توندی پەلاماری شێوازی حوکمڕانی دەدات و جەخت دەکاتەوە کە حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێمی کوردستان، کە بەهۆی قۆرخکاری و ڕەتکردنەوەی ئاڵوگۆڕی دەسەڵاتەوە تەواوی ڕەوایەتیی مۆراڵی و قانونیی خۆی لەدەست داوە و پەرلەمانی کوردستانیشی بۆ بەرژەوەندیی خۆی پەکخستووە، مێژوویەکی ڕەشی لە فڕێدانی بەرژەوەندیی گشتی هەیە.
حکومەتێک کە سەڕەڕای هەموو مەترسی، قەیران و هەڕەشە بوونییەکان لەسەر قەوارەی هەرێم، تا ئێستاش خاوەنی “هیچ ستراتیژێکی نیشتمانی نەبووە و نییە”، چۆن دەتوانێت نوێنەرایەتیی ئیرادەی خەڵک بکات؟
فیداکردنی مافە دەستوورییەکان لەپێناو مانەوەی بنەماڵەیی
نیاز عەبدوڵڵا لە کۆتایی پەیامەکەیدا، ڕەگی قەیرانەکانی کوردستان دەخاتە ڕوو و دەڵێت: هێزە سیاسییە دەسەڵاتدارەکان تەنها لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندییە کەسی، بنەماڵەیی و حیزبییەکانی خۆیاندا، ئامادە نین ڕێگە بە ئاڵوگۆڕی ئاشتییانەی دەسەڵات بدەن. ئەوان ترسیان لەوە هەیە کە ئەگەر دیموکراسی و سەروەریی قانون هەبن، ئیتر ناتوانن سەروەت و سامانی خەڵک بەتاڵان ببەن؛ بۆیە تەنانەت ئامادە نین ئەو مافە دەستوورییانەی کە لە خودی دەستووری عێراقدا بۆ خەڵکی کوردستان چەسپێنراون، لە ناوخۆی کوردستاندا جێبەجێ بکەن و لەگەڵ بەغداشدا تەنها خەریکی بازرگانیکردنن بە خوێن و قوتی خەڵکەوە.
No Comment! Be the first one.