چاویارنیوز _ ئەستۆن ڤێلا لە چەند هەفتەی ڕابردوودا چاودێری دۆخی “کیم مین جای” بەرگریکاری کۆری یانەی بایرن میونشنی کردووە و جگە لەوەی ئارەزووی دامەزراندنی ژاو پاولینهای کردووە، دۆخی بەرگریکاری تەمەن ٢٩ ساڵانی یانەی بایرن میونشنیشی پشکنیوە.
بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، بەرپرسانی ڤیلا تەنانەت بەشێوەیەکی نافەرمی پرسیاریان لە ئەگەری گواستنەوەی ئەو یاریزانەیان لە نوێنەرەکانی کیم لەکاتی مۆندیالدا کردبوو، بەڵام لەو کاتەدا یاریزانەکە بەتەواوی سەرنجی لەسەر هەڵبژاردەکەی خۆی بووە.
دوای کۆتاییهاتنی ڕکابەرییەکان، یانە ئینگلیزییەکە جارێکی دیکە هەنگاوی بۆ پشکنینی مەرجەکانی گواستنەوەکە گرتەبەر. دەوترێت دوای یارییە دۆستانەکەی بایرن میونشن و ئەستۆن ڤێلا لە هۆنگ کۆنگ، نوێنەرانی ڤیلا پەیوەندییان بە دەوروبەرەکەی کیمەوە کردووە بۆ ئەوەی زانیاری زیاتر لەسەر ئەگەری ئامادەبوونی کیم لە پریمەرلیگ بەدەستبهێنن.
بەڵام پێدەچێت گواستنەوەی ئەم بەرگریکارە کۆرییە بۆ ڤیلا زۆر قورس بێت. کیم مین جای پێشتر بیری لە ئۆفەر و ئارەزووی یانەکانی وەک نۆتینگام فۆڕێست نەکردۆتەوە، ئەولەویەتی ئەویش بەردەوامبوون بووە لە یاریکردن لەسەر ئاستی سەرەوەی تۆپی پێی ئەوروپایە. هەروەها دەوترێت ئەو یاریزانە هیچ ئارەزووی جێهێشتنی میونشنی نییە.
لە لایەکی ترەوە دۆخی بایرن میونشنیش گۆڕاوە. لە کاتێکدا ناوی کیم لە لیستی ئەو یاریزانانەدا بوو کە ئەگەری ڕۆشتنیان هەبوو، بەڵام ئێستا یانە ئەڵمانییەکە چیتر بیر لە فرۆشتنی ئەو یاریزانە ناکاتەوە. ڤینسێنت کۆمپانی ڕاهێنەری بایرن لە کوالیتی و هێزی جەستەیی و توانای بەرگری یەک بە یەک و کەسایەتی پڕۆفشناڵی بەرگریکارەکە ڕازییە و دەیەوێت لە تیپەکەدا بمێنێتەوە.
کیم لە هاوینی 2023 دوای درەوشاوەیی لەگەڵ ناپۆلی پەیوەندی بە بایرنەوە کرد، لە وەرزی پاڵەوانێتی ناپۆلیدا یەکێک بوو لە باشترین بەرگریکارەکانی خولی ئیتاڵیا. هێزی جەستەیی و خێرایی بەرز و توانای یاریکردنی لە هێڵی پێشەوەی بەرگریدا وایکردووە ببێتە یەکێک لە بەرگریکارە سەرنجڕاکێشەکانی ئەوروپا.
ئەستۆن ڤێلا، کە هەوڵی دروستکردنی تیپێکی بەهێز لە ئینگلتەرا و ئەوروپا لە سەرپەرشتی ئونای ئیمری دەدات، دەیەوێت بەرگریکارێکی بەئەزموون بگوازێتەوە، بەڵام کاتێکی سەختی دەوێت، لە ئێستادا ئاماژەکان زیاتر دەرخەری ئەوەن کە بەرگریکارە کۆرییەکە لە یاریگای ئەلیانز ئارێنا بمێنێتەوە.
No Comment! Be the first one.