چاویارنیوز _ دوای دۆڕانی ئیتاڵیا بە ئەنجامی 0-2 بەرامبەر بە بەلجیکا لە یەکەم یاریدا لە دووەم خولی ڕاهێنەرایەتی ڕۆبێرتۆ مانچینیدا، ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە کاردانەوەی هاندەران سروشتییە و دەبێت هەڵبژاردەی ئیتاڵیا ڕابردوو بخاتە لایەک و سەرنجی لەسەر داهاتوو بێت.
ئیتاڵیا لە یاریگای ئۆڵۆمپی ڕۆما بە دوو گۆڵی بێوەڵام بە بەلجیکا دۆڕا و گەڕانەوەی مانچینی بۆ کورسی تیپەکە ئەنجامێکی نائومێدکەری لەگەڵدا بوو. لە نیوەی یەکەمدا میکا گۆدێتس و دۆدی لۆکیباکیۆ لە نیوەی دووەم بۆ بەلجیکا گوڵیان تۆمار کرد. پاشان هاندەرانی ئیتاڵیا ناڕەزایی خۆیان لە کاتی کۆتایی هاتنی یارییەکەدا نیشاندا.
سەبارەت بە کاردانەوەی هاندەران و ناڕەزایەتییان، مانچینی وتی: لە کاتی دۆڕاندا ئەم کاردانەوە سروشتییە، چونکە هاندەران تووڕەن.
ڕاهێنەرە ئیتاڵییەکە هەروەها باسی لەو فشارانە کرد کە بەهۆی شکستەکانی ئەم دواییە و سێ جار لەسەریەک دوورکەوتنەوەی تیپەکە لە مۆندیالدا دروستبووە و وتی: بێگومان دۆڕاندنی سێ مۆندیال قورسایی لەسەر تیپەکە دەبێت، بەڵام دەبێت لاپەڕەکە هەڵدەینەوە، ناتوانین بەردەوام بیر لەوە بکەینەوە کە لە ڕابردوودا ڕوویداوە، دەبێت بیرکردنەوەیەکی ئەرێنی بکەین و هەمیشە لە ڕابردوودا نەمێنینەوە، چونکە ناتوانین بیگۆڕین.
ناوبراو هەروەها پێش یارییەکە جەختی لەوە کردبووەوە کە ئیتاڵیا دەبێت چاوی لە داهاتوو بێت و ئەزموونە تاڵەکانی ڕابردوو بەکاربهێنێت بۆ دروستکردنی تیپێکی نوێ. مانچینی لە کاتی گەڕانەوەی بۆ هەڵبژاردەی نیشتمانی ڕایگەیاندبوو کە ئامانجی گەڕاندنەوەی ئیتاڵیا بووە بۆ ئەو پۆستەی کە پێی وایە شایەنیەتی و بەنیازە تیپێک دروست بکات کە یاری تۆپی پێی باش بکات و شەڕ بۆ سەرکەوتن بکات.
No Comment! Be the first one.