یەکێک لەو کێشە باوانەی کە هەموو منداڵێکی بچووک تووشی دەبێت ئازاری گوێیە. ئازاری گوێ لە منداڵان دەکرێت بەهۆی چەندین هۆکارەوە بێت، لەوانە هەوکردن یان هەوکردنی گوێی ناوەوە. ئەم کێشەیە دەبێتە هۆی نائارامی و گریانی بەردەوام و تێکچوونی خەو و نەمانی ئارەزووی خواردن.
گرنگە هۆکاری بنەڕەتی ئەم کێشەیە دەستنیشان بکرێت، چونکە چارەسەرەکە پەیوەستە بە هۆکارەکەوە. زانینی نیشانەکانی ئاگادارکردنەوە و هۆکارەکانی ئازار و کاتی سەردانی پزیشک دەتوانێت یارمەتی دایک و باوک بدات کە باشترین بڕیار بدەن بۆ تەندروستی منداڵەکەیان.
هۆکارەکانی ئازاری گوێ لە منداڵاندا
ئازاری گوێ لە منداڵان بە هۆکاری جۆراوجۆر ڕوودەدات و هەمیشە نیشانەی تووشبوون بە هەوکردن نییە. هەندێک جار هەڵامەتێکی سادە دەبێتە هۆی دروستبوونی فشار لە گوێدا، هەندێکجاریش کێشەگەلێک وەکوو هەوکردن یان کۆبوونەوەی شلە هۆکاری ئەم ئازارەن.
بەگشتی ئەمانەی خوارەوە هۆکاری سەرەکی ئازاری گوێن لە منداڵاندا.
- هەوکردنی گوێی ناوەڕاست
- هەڵامەت و ئەنفلۆنزا
- ددان دەرهێنان
- هەوکردنی گوێی دەرەوە
- کۆبوونەوەی شلەی گوێ
- هەبوونی ئاو لە گوێدا
- ئالرژی و هەستیاری
- هەوکردنی قوڕگ
- گۆڕانی پەستانی هەوا
- هەبوونی شتێکی بیانی لە گوێدا
لە نێو ئەو هۆکارانەی سەرەوە، هەوکردنی گوێی ناوەڕاست یەکێکە لە هۆکارە باوەکانی ئەم کێشەیە لە منداڵاندا. هەروەها لە ڕۆژانی پێش دەرهاتنی ددانی منداڵ، کێشەکانی ئازاری گوێ زیاد دەکات و تەنانەت دەبێتە هۆی کەمخەوییەکی توند.
هۆکار و نیشانەکانی
نیشانەکانی ئازاری گوێ لە منداڵاندا بەپێی تەمەن و هۆکارەکەی جیاوازە و دەگۆڕێت. منداڵانی گەورەتر دەتوانن بەزۆری باسی شوێنی ئازارەکە بکەن، بەڵام کۆرپە و منداڵی بچووک زۆرجار لەڕێگەی گۆڕانکاری لە ڕەفتار و نیشانە دەرەکییەکاندا ناڕەحەتی و ئازاری خۆیان نیشان دەدەن.
- گریان و نائارامی
- ڕاکێشان یان دەستماڵینی گوێ
- تا
- تێکچوونی خەو
- نەمانی ئارەزووی خواردن
- دەردانی ئاو و شلە لە گوێیەوە
- لەدەستدانی بیستنی کاتی
- کێشە لە پاراستنی هاوسەنگی
ئەگەر ئازاری گوێ بەهۆی هەوکردنەوە بوو، بەزۆری تا و نائارامی و تێکچوونی خەویش بەدی دەکرێت. هەندێک لە منداڵان بەردەوام گوێیەکانین ڕادەکێشن یان بەردەوام دەست لە گوێ دەدەن. لە حاڵەتە توندترەکاندا، منداڵەکە ڕەنگە شلە لە گوێیەوە دەربچێت یان تەنانەت هاوسەنگی خۆی لەدەست بدات.
چارەسەری ئازاری گوێ لە منداڵان
چارەسەری ئەم کێشەیە بەندە بە هۆکارەکەیەوە. هەر لەبەر ئەم هۆکارە، پزیشک سەرەتا هۆکاری سەرەکی دەستنیشان دەکات و دواتر گونجاوترین شێوازی چارەسەرکردن هەڵدەبژێرێت. لە هەندێک حاڵەتدا کێشەکە بە کۆمەڵێک شێوازی ماڵەوە چارەسەر دەکرێت، بەڵام هەندێک جار چارەسەری دەرمانیش پێویستە.
هەروەها بخوێنەوە: باشترین ڤیتامینەکان بۆ گەشەی منداڵ
بەکارهێنانی دەرمانی ئازارشکێن و کەمکەرەوەی تا
ئەگەر منداڵەکەت نائارام بوو و دەتەوێت زۆر بە خێرایی ئازاری گوێی هێور بکەیتەوە، باشتر وایە ئەسیتامینۆفین یان شەربەتی ئیبوپرۆفین بەکاربهێنیت. ئەم ڕێگایە بەزۆری بۆ کەمکردنەوەی ئازار و تای منداڵ بەکاردێت و دەتوانێت یارمەتی کۆنترۆڵکردنی نیشانەکانی بدات تا ئەو کاتەی نەخۆشییەکە باشتر دەبێت.
بەکارهێنانی قەترەی گوێ
لە هەندێک حاڵەتدا پزیشک قەترەی تایبەت بە کۆێ بۆ کەمکردنەوەی هەوکردن یان چارەسەرکردنی هەوکردنەکە دەنووسێت. ئەم ڕێگایە بەزۆری گونجاوە بۆ هەندێک جۆری هەوکردن یان هەوکردنی گوێی دەرەوە.
خواردنی دژە زیندەی (Antibiotice)
خواردنی دژە زیندەیی بەسوودە کاتێک پزیشک هەوکردنی بەکتریای گوێی ناوەڕاستی دەستنیشان کردبێت. خۆدەرمانکردن بە دەرمانی دژە زیندەیی نەک هەر یارمەتیدەر نابێت، بەڵکو ڕەنگە ببێتە هۆی سەرهەڵدانی ئاڵۆزییەکانیش.
لابردنی شلەی گوێ
ئەگەر کۆبوونەوەی زۆری شلەی گوێ بووەتە هۆی ئازار یان لەدەستدانی بیستن، ئەوا پزیشک دەتوانێت بە بەکارهێنانی ڕێکاری تایبەت لایببات.
لابردنی شتێکی بیانی و نامۆ لە گوێدا
هەندێک جار هۆکاری ئازار، هەبوونی شتێکە لە ناو گوێدا. لابردنی ئەو شتە دەبێت لەلایەن پزیشک یان کەسێکی بەئەزموونەوە ئەنجام بدرێت. یەک جوڵەی هەڵە دەتوانێت زیانێکی قەرەبوو نەکراو بە پەردەی گوێی منداڵەکەت بگەیەنێت.
بەکارهێنانی کۆمپرێسی گەرم
دانانی کۆمپرێسی گەرم لەسەر گوێ یارمەتی کەمکردنەوەی ئازارەکە دەدات و منداڵەکەت ئاسوودەتر دەکات. ئەم شێوازە زیاتر وەکو ئازارشکێنێکی کاتی بەکاردێت.

هەڵبژاردنی باشترین چارەسەر بەندە بە هۆکاری ئازارەکەوە. لە هەندێک حاڵەتدا ڕەنگە کەسانی شارەزاتر و بەئەزموون لەو بوارەدا بتوانن هۆکارەکەی دەستنیشان بکەن، بەڵام باشتر کە ئازارەکە لەلایەن پزیشکەوە دەستنیشان بکرێت.
چارەسەرکردنی نەخۆشییە بنەڕەتییەکان
لە هەندێک لە منداڵاندا ئازاری گوێ بەهۆی هەڵامەت، حەساسیەت، هەوکردنی سینۆزیت (sinusitis)، یان هەوکردنی قوڕگەوەیە. لەم حاڵەتانەدا، چارەسەرکردنی نەخۆشییە بنەڕەتییەکە بەزۆری ئازارەکە کەمدەکاتەوە یان لەناوی دەبات. هەروەها پێویستە نیشانەکانی تری منداڵەکەت بپشکنیت بۆ ئەوەی نەخۆشییە بنەڕەتییەکەی دیاری بکەیت.
ڕێگاکانی خۆپاراستن لە کێشەی گوێ لە منداڵ
زۆرێک لە کێشەکانی گوێ لە منداڵاندا دەکرێت زۆر کەم بکرێتەوە بە جێبەجێکردن و لەبەرچاوگرتنی چەند خاڵێکی سادە. لە کاتێکدا خۆپاراستن هەمیشە بە مانای بەرگرییەکی تەواو لە نەخۆشییەکە نییە، بەڵام دەتوانێت مەترسی هەوکردنی گوێ و ناڕەحەتی کەم بکاتەوە.

- چارەسەری هەڵامەت و هەوکردنی کۆئەندامی هەناسەدان لە کاتی خۆیدا
- پاراستنی پاکوخاوێنی گوێچکەکان و دوورکەوتنەوە لە دەست لێدانی ناوەوەی گوێ
- ڕێگریکردن لە هاتنە ناوەوەی ئاوی پیس بۆ گوێچکە لەکاتی مەلەکردن یان خۆشۆردندا
- پاراستنی منداڵ لە دوکەڵی جگەرە و پیسکەرەکانی تر
- تەواوکردنی کوتانە پێشنیار کراوەکان لە کاتی منداڵیدا
- بەھێزکردنی سیستەمی بەرگری لەش بە خۆراکی دروست و خەوتنی پێویست
- ڕێگری لە چوونەناوەوەی شتە بیانییەکان بۆ گوێی، لە لایەن منداڵەوە
لەبەرچاوگرتنی ئەم ڕێنماییانە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی مەترسی زۆرێک لە کێشە باوەکانی گوێ و یارمەتی پاراستنی تەندروستی بیستنی منداڵەکەت دەدات.
کەی پێویستە سەردانی پزیشک بکەیت بۆ ئازاری گوێی منداڵ؟
ئەگەر ئازاری گوێی منداڵەکەت زۆر بوو، زیاتر لە ٢٤ بۆ ٤٨ کاتژمێری دەخایەنێت، یان تایەکی زۆری لەگەڵدا بوو، باشتر وایە بە زووترین کات سەردانی پزیشک بکەیت. ئەو نیشانانەی تریش کە پێویستیان بە سەردانی پزیشک هەیە بریتین لە دەردانی شلە لە گوێ، لەدەستدانی بیستن، سەرگێژخواردن، کێشەی هاوسەنگی و ئاوسانی دەوروبەری گوێ.
هەروەها بخوێنەوە: لێدانی دڵی منداڵ و هۆکارەکانی
لە کۆرپە و منداڵی بچووکدا، تەنانەت نیشانە سووکەکانیش نابێ پشتگوێ بخرێن، چونکە لەم تەمەنەدا ئەستەمە هۆکاری ناڕەحەتییەکە دەستنیشان بکرێت.
پوختەی بابەت
کێشەی گوێ لە منداڵانی بچووکدا دەکرێت بەهۆی چەندین هۆکارەوە سەرهەڵبدات، لەوانە هەوکردن، هەڵامەت، کۆبوونەوەی شلەی گوێ، هەستیاری، یان تەنانەت ددان دەرهێنان. بێگومان ئازاری گوێ لە منداڵان هەمیشە نیشانەی نەخۆشییەکی قورس نییە، بەڵام پشتگوێخستنی نیشانەکانیش دەبێتە هۆی کێشەی زیاتر.
ئاگاداری دایک و باوک لە نیشانەکان و شێوازەکانی چارەسەرکردن یارمەتیان دەدات لە کاتی گونجاودا هەنگاو بنێن. هەروەها پێویستە سەردانی پزیشک بکرێت ئەگەر هەریەکێک لە نیشانەکان بەردەوام بوو یان منداڵەکە تایەکی بەرزی هەبوو.
زۆرترین پرسیار
ئایا ئازاری گوێ هەمیشە نیشانەی هەوکردنە؟
نەخێر، جگە لە هەوکردن، هۆکارەکانی وەک پەتا، ئالرژی، کۆبوونەوەی شلەی گوێ، چوونە ژوورەوەی ئاو بۆ ناو گوێ، یان دداندەرکردن دەبنە هۆی ئازاری گوێ.
لە ماڵەوە دەتوانیت چی بکەیت بۆ ئەوەی یارمەتی کەمکردنەوەی ئازاری منداڵەکەت بدەیت؟
پشوودانی زۆر، خواردنەوەی شلەمەنی، بەکارهێنانی کۆمپرێسی گەرم و خواردنی دەرمانی کەمکەرەوەی تا و ئازارشکێن کە پزیشکەکەت بۆی نووسیوە، یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی ئازاری منداڵەکەت.
ئایا ددان دەرکردن دەتوانێت ببێتە هۆی ئازاری گوێ؟
بەڵێ. لە هەندێک لە کۆرپەکاندا ئازاری ددان دەرهێنان دەتوانێت بۆ ناوچەکانی دەوروبەری چەناگە و گوێچکە بڵاوبێتەوە، ئەمەش ئازاری هەیە.
ئازاری گوێی کۆرپە تا چەند دەخایەنێت؟
ماوەی پێویستی بۆ چاکبوونەوە بەندە بە هۆکاری بنەڕەتییەوە. هەندێک حاڵەت لە ماوەی یەک یان دوو ڕۆژدا چارەسەر دەبن، بەڵام هەوکردنەکان لەوانەیە پێویستیان بە چاودێری پزیشکی هەبێت.
ئایا بەکارهێنانی پاککەرەوەی گوێ بۆ خاوێنکردنەوەی گوێی منداڵ گونجاوە؟
نەخێر بەکارهێنانی پاککەرەوەی گوێ دەبێتە هۆی پاڵنانی شلەی گوێ بە شێوەی قووڵتر بۆ ناو کەناڵەکە و تەنانەت زیان بە گوێش دەگەیەنێت. باشتر وایە گوێی منداڵەکەت لەلایەن پزیشکەوە پاک بکرێتەوە.

No Comment! Be the first one.