تۆوی قووتە یەکێکە لە ناوکە خۆراکییەکان کە هەم بەتامە و هەم بەهای خۆراکی بەرزی هەیە. گرنگترین سوودەکانی تۆوی قووتە بریتین لە پاراستنی تەندروستی دڵ، بەرگری لەش و ئێسک و تەنانەت یارمەتی باشترکردنی کوالێتی خەو ئەدات.
ئەم تۆوە مادەی خۆراکی تێدایە کە یارمەتی چارەسەرکردنی هەندێک نەخۆشی یان بەهێزکردنی لەش دەدات. لە درێژەدا بە وردی ئەم سوودانە، لەگەڵ باشترین شێواز و کاتی بەکارهێنانی دەخەینە ڕوو.
پێکهاتەکانی تۆوی قووتە چین؟
بەشێکی بەرچاو لە سوودەکانی تۆوی قووتە دەگەڕێتەوە بۆ بوونی پرۆتئین و چەوری تەندروست و ڕیشاڵ و کانزا سەرەکییەکان. تۆوی قووتە بە سەرچاوەیەکی باشی پرۆتئینی ڕووەکی دادەنرێت و هەربۆیە لە خۆراکی وەرزشوانان و ئەو کەسانەدا جێی دەبێتەوە کە بەدوای خواردنی کەم و تەندروستدا دەگەڕێن.
لە ڕووی کانزاکانەوە، تۆوی قووتە دەوڵەمەندە بە مەنیەزیۆم، زینک، ئاسن، فسفۆر، پۆتاسیۆم و مەنگەنیز. مەنیەزیۆم ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە تەندروستی ماسولکە و دەمارەکاندا، زینک پێویستە بۆ بەهێزکردنی سیستەمی بەرگری لەش و تەندروستی پێست و هەروەها ئاسن یارمەتی بەرهەمهێنانی خڕۆکە سوورەکانی خوێن دەدات.
گرنگترین کاریگەرییەکانی تۆوی قووتە لەسەر جەستە چین؟

تۆوی قووتە، بەهۆی زۆری ڕێژەی خۆراکەوە، دەتوانێت کاریگەری ئەرێنی لەسەر بەشە جیاوازەکانی جەستەدا هەبێت. ئەم کاریگەریانە بریتین لەمانەی خوارەوە:
- یارمەتی تەندروستی دڵ: ئەو چەورییە بەسوودەکان و مەنیەزیۆم و دژە ئۆکسێنەرانەی کەوا لە تۆوی قووتەدان دەتوانن یارمەتیدەر بن لە پاراستنی تەندروستی دڵ و خوێنبەرەکان.
- بەهێزکردنی سیستەمی بەرگری لەش: زینک لە تۆوی قووتەدا ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە کارکردنی دروستی سیستەمی بەرگری لەش و زیادکردنی بەرگری لەش بەرامبەر بە نەخۆشیەکان.
- باشترکردنی کوالێتی خەو: ئەم تۆوە مەنیەزیۆم و تریپتۆفان لەخۆدەگرێت کە کاریگەرن لە ڕێکخستنی خەو و ئارامکردنەوەی لەش.
- یارمەتیدانی تەندروستی پرۆستات: یەکێکی تر لە سوودەکانی خواردنی تۆوی قووتە پاراستنی تەندروستی پرۆستاتە لە پیاوان بەتایبەت پیاوانی تەمەن ناوەڕاست و سەرووتر.
- بەهێزکردنی ئێسکەکان: مەنیەزیۆم و فسفۆری ناو تۆوی قووتە ڕۆڵیان هەیە لە پاراستنی بەهێزی ئێسک و ددانەکاندا.
- یارمەتی کۆنترۆڵکردنی شەکری خوێن دەدات: بە خواردنی بڕێکی پێویست لە تۆوی قووتە، دەتوانیت بە شێوەیەکی سروشتی شەکری خوێنت ڕێکبخەیت.
- پێست و قژ بە تەندروستی دەپارێزێت: بوونی زینک و ڤیتامین E و دژە ئۆکسانەکان یارمەتی پاراستنی تازەیی پێست و بەهێزکردنی تاڵەکانی قژ دەدات.
- یارمەتی کۆنترۆڵکردنی کێش دەدات: پرۆتین و ڕیشاڵی ناو ئەم تۆوە وا لە مرۆڤ دەکات هەست بە تێربوون بکات، لە ئەنجامدا لەشجوانی خۆت دەپارێزیت.
باشترین کات و شێوازی بەکارهێنانی
بۆ ئەوەی سوودەکانی تۆوی قووتە وەربگریت، پێویست ناکات لە کاتێکی دیاریکراودا بیخۆیت. بەڵام خواردنی ڕێکوپێک و هاوسەنگ لەگەڵ خۆراکی تەندروست دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە دابینکردنی ئەو ماددە خۆراکیانەی کە جەستە پێویستی پێیەتی.
هەروەها بخوێنەوە: سوودەکانی هێل بۆ تەندروستی
هەروەها باشترە لەگەڵ ئەم تۆوە زیادەڕەوی نەکەیت، چونکە تا ڕادەیەک کالۆری زۆرە. باشترین کات بۆ خواردنی تۆوی قووتە لە نێوان ژەمەکاندایە. پڕۆتئین و ڕیشاڵی تێدایە و دەبێتە هۆی زیادکردنی هەستی تێربوون و ڕێگری دەکات لە خواردنی زیاتر.
هەندێک کەس پێیان باشە لە دوایین کاتژمێرەکانی ڕۆژدا بڕێکی کەم لە تۆوی قووتە بخۆن، چونکە مەنیەزیۆمی تێدایە و ڕەنگە یارمەتیدەر بێت بۆ ئەوەی زیاتر ئارام ببنەوە و کوالێتی خەو باشتر بکەن.
هەروەها لە ڕووی شێوازی بەکارهێنانەو باشترە تۆوی قووتە بە کاڵی یان برژاو بەبێ خوێ بخورێت. دەتوانیت وەک خۆراکی نێوان ژەمەکان بیخۆیت یان بیخەیتە ناو زەڵاتە و ماست و شۆربا یان هەر خواردنێکی ترەوە تا هەم بەهای خۆراکییەکە زیاد بکات و هەمیش تامێکی باشتریان پێببەخشێت.
کاریگەری لاوەکی و زیانەکانی تۆوی قووتە
تۆوی قووتە بۆ زۆربەی خەڵک بە خۆراکێکی تەندروست و باش دادەنرێت، بەڵام زۆر خواردن یان بەکارهێنانی جۆرە سۆڵەکەی دەبێتە هۆی کێشە لە هەندێک کەسدا. هەر لەبەر ئەم هۆکارە باشترە بە ڕێژەیەکی مامناوەند بیخۆیت بۆ ئەوەی لە ئەگەری کاریگەرییە لاوەکییەکەی دوور بکەویتەوە
- وەرگرتنی کالۆری زیاد لە ڕادە و ئەگەری قەڵەوی
- کێشەی هەرسکردن
- وەرگرتنی سۆدیۆمی زۆر لە جۆرە سۆڵەکەیدا
- ئەگەری تووشبوون بە هەستیاری
- دەستوەردان لەگەڵ ڕژێمەکانی دابەزاندنی کێش
ڕۆژانە تا چەن تۆوی قووتە بخۆین؟
سەرەڕای سوودە زۆرەکانی تۆوی قووتە، بەڵام پێویستە بە ڕێژەیەکی مامناوەند بخورێت. زۆر خواردنی دەبێتە هۆی زیاد وەرگرتنی کالۆری ڕۆژانە و کێشەی هەرسکردن لە هەندێک کەسدا دروست دەکات.
بەگشتی خواردنی نزیکەی 20 بۆ 30 گرام تۆوی قووتە لە ڕۆژێکدا (یەکسانە بە مشتێکی بچووک) بۆ زۆربەی خەڵک گونجاوە. ئەم بڕە دەتوانێت بەشێک لە پێویستی پرۆتئین و ڕیشاڵی جەستە دابین بکات. هەروەها باشترە جۆرەکانی کاڵ یان برژاو بەبێ خوێ بەکاربهێنرێت.
ئایا تۆوی قووتە بۆ دابەزاندنی کێش باشە؟
تۆوی قووتە خۆی نابێتە هۆی دابەزاندنی کێش، بەڵام بەهۆی پڕۆتئین و ڕیشاڵەکانیەوە، دەتوانێت هەستی تێری زیاد بکات و ڕێگری لە خواردنی نێوان ژەمەکان بکات. لە ڕاستیدا سوودەکانی تۆوی قووتە بۆ دابەزاندنی کێش زیاتر پەیوەندی بە کۆنترۆڵکردنی ئارەزووی خواردن و یارمەتیدان بە پابەندبوون بە ڕژێمی خۆراکەوە هەیە.
هەر لەبەر ئەم هۆکارەش خواردنی بە ڕێژەیەکی مامناوەند وەک خواردنێکی کەم و تەندروست لەگەڵ خۆراکی دروست و چالاکیی جەستەیی یارمەتیدەرە بۆ دابەزاندنی کێش.
No Comment! Be the first one.