چاویارنیوز _ ئەستۆن ڤێلا لە لێواری کۆتایی هێنانە بە یەکێک لە گرنگترین کڕینەکانی لە هێڵی دەروازەدا، زیۆن سوزوکی گۆڵپارێزی ژاپۆنی پارما بەرەو خولی ئینگلیزی دەڕوات.
فابریزیۆ ڕۆمانۆ، ڕۆژنامەنووسی ناسراوی بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان، ڕایگەیاندووە، ئەستۆن ڤێلا لەگەڵ پارما گەیشتووەتە ڕێککەوتن بۆ ئەوەی زیۆن سوزوکی بگوازێتەوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەی ڕۆمانۆ، کۆی بەهای گواستنەوەکە 35 ملیۆن یۆرۆ دەبێت و یانە ئینگلیزییەکە بۆ ڕاکێشانی گۆڵپارێزە ژاپۆنییە 23 ساڵانەکە چووە نێو ڕکابەریی کۆتایی. ئەستۆن ڤێلا سەرەتا هاتە ناو دۆسیەکەوە دوای ئەوەی گواستنەوەی سوزوکی بۆ پاریس سانجێرمان ڕەتکرایەوە و بە خێرایی دانوستانەکانی لەگەڵ پارما پێشخست.
هەروەها ڕاپۆرتە ئینگلیزەکان ڕێککەوتنی نێوان هەردوو یانەکەیان پشتڕاست کردەوە. ماڵپەڕی سکای سپۆرتی ئیسپانی بڵاویکردووەتەوە، کۆمپانیای ئەستۆن ڤێلا لەگەڵ پارما گەیشتووەتە ڕێککەوتن بۆ گواستنەوەی سوزوکی، بڕیارە نرخی گواستنەوەی سوزوکی بۆ نزیکەی 35 ملیۆن یۆرۆ بەرزبێتەوە.
پێشتر سوزوکی لە لێواری گواستنەوەی بۆ پاریس سانجێرماندا بوو، بەگوێرەی ڕاپۆرتەکان گرێبەستەکەی نێوان یانە فەرەنسییەکە و پارما بە 35 ملیۆن یۆرۆ خەمڵێندرا بوو، بەڵام لە کۆتا خولەکدا گفتوگۆکان لەسەر کرێی دارایی و بریکارەکان تێکچوو و پاشان یانەی ئەستۆن ڤێلا هاتە نێو کێبڕکێی گواستنەوەی گۆڵپارێزە ژاپۆنییەکە بۆ ئینگلتەرا.
ئەم گواستنەوەیە لە کاتێکدایە کە داهاتووی ئیمیلیانۆ مارتینێز لە یانەی ئەستۆن ڤێلا گومانی لەسەرە، یۆڤانتۆس ئارەزووی بەدەستهێنانی گۆڵپارێزە ئەرجەنتینییەکە دەکات. بۆیە سوزوکی دەتوانێت ببێتە بژاردەیەکی سەرەکی بۆ داهاتووی ئەستۆن ڤێلا.
No Comment! Be the first one.