چاویارنیوز _ دواجار “مایک مانیان” و “ئادرین ڕابیۆ” گەڕاونەتەوە مەشق و ڕاهێنانەکانی میلان و ئەمڕۆ لە کەمپی مەشقەکانی میلانێلۆ لەگەڵ ئەندامانی دیکەی تیپەکە دەستیان بە کارەکانیان کردووە.
گەڕانەوەی ئەم دوو یاریزانە بەئەزموونە لە کاتێکدایە ڕۆسۆنێری پێش دەستپێکردنی وەرزی نوێی خولی ئیتاڵیا چووەتە دوا هەفتەی ئامادەکارییەکانی. هەروەها میلان بە بڵاوکردنەوەی وێنەی فەرمی گەڕانەوەی ئەو دوو ئەستێرە فەرەنسییە بۆ مەشق و ڕاهێنانەکان، هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە.
مانیان و ڕابیۆ درەنگتر لە یاریزانەکانی دیکە پەیوەندییان بە مەشقەکانی پێش وەرزەوە کرد، بەهۆی بەشداریکردنیان لە قۆناغەکانی کۆتایی مۆندیالی ٢٠٢٦. سەرەتا بڕیار بوو ئەو دووانە لە ناوەڕاستی مانگی ئابدا پەیوەندی بە تیپەکەوە بکەن، بەڵام ستافی تەکنیکی بڕیاریاندا چەند ڕۆژێکی دیکە پشوویان پێبدەن و گەڕانەوەیان بۆ ١٦ی ئاب دواخرا.
ئەم بڕیارە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کاردانەوەی هاندەرانی میلانی بەدوای خۆیدا هێنابوو؛ بە تایبەتی کە نەبوونی مانیان و ڕابیۆ بووە هۆی ئەوەی لە چەندین یاری دۆستانەی پێش وەرزدا بەشداری نەکەن، لەنێویاندا یارییەکەی بەرامبەر مانچستەر یونایتد.
میلان ئێستا تەنها یەک هەفتەی ماوە بۆ ئەنجامدانی یەکەم یاری فەرمی خۆی لەم وەرزەدا، کە لە یاریی یەکەمی خولی ئیتاڵیادا ڕووبەڕووی تۆرینۆ دەبێتەوە. بۆیە ئەمۆریم کاتێکی زۆری نییە بۆ ئامادەکردنی مانیان و ڕابیۆ و دەبێت لە ماوەیەکی کورتدا هەڵسەنگاندن بۆ باری جەستەیی ئەو دوو یاریزانە بکات.
No Comment! Be the first one.