چاویارنیوز – پاش دوورخستنەوەی مامۆستا تاهیر کەلەباشی لە ئەرکی وتارخوێنی بەهۆی ڕەخنەکانی لە سیاسەتی ئابووری و گەندەڵی، ناڕەزایەتییەکان لەناو توێژی مامۆستایانی ئایینیدا بەربڵاوتر بوون. مامۆستا فاتیح شارستێنی، کە ئەویش پێشتر بەهۆی هەڵوێستەکانییەوە لە ئەرکی وتارخوێنی دوورخراوەتەوە، بە توندی پشتیوانیی خۆی بۆ مامۆستا تاهیر کەلەباشی دەربڕی.
فاتیح شارستێنی لە پەیامێکدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوی کردووەتەوە، دەنووسێت: «پڕ بە دڵ نیگەرانم بە دوورخستنەوەی برا و خزم و کەسمان؛ مامۆستای حەقبێژی سەر مینبەر، مامۆستا تاهیر کەلەباشی.»
شارستێنی لە درێژەی پەیامەکەیدا، ئەو جۆرە ڕێکارانەی وەزارەتی ئەوقاف و دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان بە «سیاسەتی کۆیلایەتی» ناوزەد دەکات و جەخت لەوە دەکاتەوە کە مامۆستا تاهیر کەلەباشی لە ناخی خەڵکی دادخواز و نیشتمانپەروەردایە. ناوبراو بە ئاماژەدان بەو فشارانەی لەسەر وتارخوێنان هەیە، نووسیویەتی: «کۆیلەش بەشی ڕیسواییە.»
ئەم پەیامەی فاتیح شارستێنی وەک نیشانەیەک لێک دەدرێتەوە کە مامۆستایانی ئایینیی دەنگبڵندی هەرێمی کوردستان، چیدی ئامادە نین لە ئاست بڕیارە سیاسییەکان و بەرتەسککردنەوەی ئازادیی ڕادەربڕین بێدەنگ بن، تەنانەت ئەگەر باجەکەشی لەدەستدانی سەکۆ و مینبەرەکان بێت.
چاودێران پێیان وایە، بە دوورخستنەوەی دەنگە ڕەخنەگرەکان، دەسەڵات هەوڵ دەدات مینبەرەکان تەنها بۆ پەیامە فەرمییەکان بەکار بهێنێت، بەڵام ئەم هەنگاوانە نەک هەر ناڕەزایەتییەکان کەم ناکاتەوە، بەڵکو دەبێتە هۆی دروستکردنی گوتارێکی نوێ لەنێوان مامۆستایانی ئایینی و خەڵکدا، کە جەخت لەسەر مافە ئابووری و سیاسییەکانی هاووڵاتییان دەکەنەوە.
ئەمە لەکاتێکدایە کە لە ماوەی کابینەی نۆیەمدا، دەیان مامۆستای ئایینی بەهۆی ڕەخنەگرتن لە پرسی مووچە، نەوت، بەنزین و کارەبا، ڕووبەڕووی لێپرسینەوە، ڕاگرتن و سزادانی ئیداری بوونەتەوە.
No Comment! Be the first one.