چاویارنیوز – لە وەڵامی ئەو لێدوانانەی جێگری نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە بەرگریکردن لە پرۆژەی «ڕۆناکی»، ئیبراهیم عەباس، نووسەر و چالاکوان، ڕەخنەی توند ئاراستەی ئەم هەڵوێستە دەکات و بە «هەوڵێک بۆ داپۆشینی شکست» ناوی دەبات.
ئیبراهیم عەباس لە نووسینێکدا کە ئاراستەی ڕای گشتی کردووە، ئاماژە بەوە دەکات کە سەرەڕای بەدواداچوونی ورد بۆ لێدوانەکانی جێگری نووسینگەی سەرۆک وەزیران، هیچ ئاماژەیەکی کردەیی بۆ چارەسەرکردنی ڕیشەیی کێشەکان نەبینیوە. بە بڕوای ناوبراو، ئەوەی لەلایەن حکومەتەوە دەوترێت سەبارەت بە «ئامادەیی بۆ چاککردنی کەموکوڕییەکان»، تەنها پەیامێکی ڕووکەشانەیە و ئامانج لێی کات بەفیڕۆدانە بۆ هێورکردنەوەی شەقام.
لە بەشێکی دیکەی ئەم ڕەخنەیەیەدا هاتووە: «هەرچی ئەم حکومەتە دەیکات، ئامانج لێی دژایەتی و خاڵیکردنی گیرفانی خەڵکە.» عەباس پێی وایە کێشەی کارەبا و بەرزبوونەوەی نرخەکان لە هەرێمی کوردستان، کێشەیەکی تەکنیکی نییە، بەڵکو بڕیارێکی سیاسییە کە لەلایەن «دوو بنەماڵەی دەسەڵاتدارەوە» بەڕێوە دەبرێت.
ناوبراو لە کۆتایی بۆچوونەکەیدا پێی وایە ئەو بەرپرسانەی کە بەرگری لەم پرۆژانە دەکەن، ناچارن بەو شێوەیە قسە بکەن، چونکە بەشێکن لەو سیستەمەی کە کێشە بۆ هاووڵاتییان دروست دەکات و بەناوی خزمەتگوزارییەوە، بارگرانیی ئابووری دەخاتە سەر شانی خەڵک.
ئەم ڕەخنەیە لەکاتێکدایە کە دەنگۆی ناڕەزایەتییەکان لەسەر کەرتی کارەبا و پەیڕەوکردنی سیستەمی نوێی کارەبا، لە شەقام و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بەرز بووەتەوە و بەشێک لە هاووڵاتییان گومانیان لە جدییەتی حکومەت بۆ باشترکردنی دۆخەکە هەیە.
No Comment! Be the first one.