چاویارنیوز – سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای فەتوا لە هەرێمی کوردستان، بە توندی ڕەخنە لە سیاسەتی دارایی حکومەتی هەرێم دەگرێت و جەخت دەکاتەوە کە پاشەکەوتکردنی مووچەی هاووڵاتییان و لەهەمان کاتدا وەرگرتنی قەرزی کارەبا بە زۆرەملێ، کێشەیەکی گەورەی شەرعی و یاساییە.
پرۆفیسۆر د. حەسەن موفتی، لە وەڵامێکدا بۆ پرسیاری ڕۆژنامەنووس «حامد محەمەد» سەبارەت بەوەی بۆچی حکومەت قەرزی کارەبا لە هاووڵاتییان وەردەگرێتەوە بەڵام مووچەیان پێ ناداتەوە، بە ڕاشکاوی ڕایگەیاند: «ئەرکی شەرعی و یاسایی حکومەتە مووچەی مووچەخۆران لە کاتی خۆیدا بدات، ئەو موچانەی نەیداوون یان پاشەکەوتی کردوون، قەرزی ئەوانە لەسەر شانی حکومەت و بە هیچ بەهانەیەک نابێت فەرامۆش بکرێت.»
سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای فەتوا پێشنیارێکی کردەیی دەخاتە بەردەم حکومەت بۆ کۆتاییهێنان بەم نادادییە و دەڵێت: «لانی کەم پێویستە حکومەت قەرزی مووچە بخاتە سەر هەژماری بانکی هاووڵاتییان و لەو ڕێگەیەوە هاووڵاتییان قەرزی ئاو و کارەبا و زەریبەی خانوو بدەنەوە. ئەمە ئەوەیە کە پێی دەوترێت (مەقاسە) و بەم کارە هاووڵاتی هەست بە حکومەتێکی دڵسۆز دەکات.»
د. حەسەن موفتی لە هۆشدارییەکی توونددا ڕوو لە بەرپرسانی حکومەت دەکات و جەخت دەکاتەوە کە ئەم بابەتە تەنها پرسێکی ئیداری نییە، بەڵکو پەیوەندی بە «مافی خەڵک» (حق الناس)ەوە هەیە، کە خودا لێی خۆش نابێت مەگەر خاوەن حەق خۆی لێی خۆش ببێت. ناوبراو دەشڵێت: «پێشتر ئەمەمان بە نووسین و سەرزارەکی بە لایەنە پەیوەندیدارەکان گەیاندووە کە دەبێت مشورێکی جیددی لێ بخۆن، بەپێچەوانەوە لە دونیا و قیامەتدا بەرپرسیار دەبن.»
ئەم هەڵوێستەی سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای فەتوا لەکاتێکدایە کە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان ماوەی چەند ساڵە بەدەست قەیرانی پاشەکەوتی مووچە و بڕینی مافە داراییەکانیانەوە دەناڵێنن، لەکاتێکدا حکومەت بەردەوامە لە وەرگرتنی باج و رسومات و قەرزی خزمەتگوزارییەکان بە شێوەیەکی توندوتۆڵ. چاودێران پێیان وایە ئەم پەیامەی ئەنجومەنی فەتوا، بەڵگەیەکە لەسەر ئەوەی تەنانەت لە ڕووی شەرعیشەوە ئەو مامەڵەیەی حکومەت لەگەڵ هاووڵاتییان دەیکات، ڕەوا نییە.
No Comment! Be the first one.