چاویارنیوز _ کامەران عوسمان ئەندامی رێکخراوی CPTی ئەمریکی رایدەگەیەنێت: نزیکەی مانگێکە دانیشتووانی 21 گوندی سنوری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ هەوڵ دەدەن کە بگەڕێنەوە سەر گوندەکانی خۆیان کە زیاتر لە 6 ساڵە بەهۆی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای تورکیاوە چۆڵیان کردووە، بەڵام لە رۆژی 26ی حوزەیران و سێ رۆژ بەر لە ئێستا، دوای فشاری زۆری گوندنشینان، سوپای تورکیا رێگەی بە دانیشتووانی گوندەکانی (بازنگیرا، گوندۆک، گەورک، کڕکڕانک، پەترۆمە، کەلۆک، مارسیس، ئەلانش و ئێرێ) داوە لە گەلی پساغا لە سنوری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆدا، کە بە شەش مەرج بگەڕێنەوە سەر گوندەکانیان.
مەرجەکان بریتی بوون لە:
یەکەم _ رۆژانە لە کاتژمێر 6ی بەیانی بۆ 7ی ئێوارە گوندنشینان دەتوانن بچنە گوندەکانیان و هیچ کەسێک بۆی نیە لە دوای 7ی ئێوارە لە گونددا بمێنێتەوە.
دووەم _ هیچ گوندنشینێک رێگە پێدراو نییە کە چەک و ئامێری بڕەڕی پێبێت. تەنانەت چەکی راویش.
سێیەم _ گوندنشینان تەنیا دەتوانن خواردنی یەک رۆژ بەرن بۆ گوند و رێگە پێدراو نین خۆراکی زیاتر لە رۆژێکیان پێبێت.
چوارەم _ لە کاتی تێپەڕبوون بە بازگەی تورکیادا، ناسنامەی هەموو سەرنشینان وەردەگیرێت و ناو ناونیشان و زانیاریی کەسییان تۆمار دەکرێت.
پێنجەم _ شۆفێری ئۆتۆمبێل، بەرپرسیار دەکرێت لە گەڕانەوەی تەواوی سەرنشینان لە ئێوارەدا و لە ئەگەری نەگەڕانەوەی هەر سەرنشینێک، شۆفێر لەلایەن سەربازانی تورکەوە دەستگیردەکرێت.
شەشەم _ سەربازانی تورکیا لە تۆماری دیجیتاڵی دەزگا ئەمنییەکانیاندا، بۆ پاشخانی گوندنشینان دەگەڕێن کە ئەگەر تۆمەتباربن بە هاوکاریکردنی گەریلا لە ڕابردوودا، ئاوا دەستگیریان دەکەن.
No Comment! Be the first one.