چاویارنیوز _ دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق رایگەیاند، دادگای پێداچوونەوەی فیدراڵی (تەمیز)، سزای لەسێدارەدانی بۆ تاوانبار عەجاج تکریتی پەسندکرد. ئەم سزایە بەهۆی ئەنفال و ئەنجامدانی تاوانی کۆمەڵکوژی و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی پەسەندکرا.
لەو بارەیەوە، دادوەر سەعد لامی سەرۆکی دادگاکە لەئێستادا دۆسێکەی بۆ سەرۆکایەتی کۆمار بەرزکردووەتەوە.
پێشتر دادگاکە سزای سەرەتایی لە 14ی ئایاری رابردوودا دەرکردبوو پێش پەسەندکردنی حوکمەکە. دادگای پێداچوونەوە حوکمەکە پەسەند کرد و بەپێی رێکارە یاساییەکان بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
دادگاییکردنی عەجاج
دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، رایگەیاند، دادگای پێداچوونەوەی فیدراڵی سزای لەسێدارەدانی بۆ گەورە تاوانباری کۆمەڵکوژی کورد “عەجاج ئەحمەد حەردان تکریتی”دا پەسەند کرد، ئەمەش دوای ساغبوونەوەی تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی کۆمەڵکوژی (جینۆساید) و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی بەرامبەر بە قوربانیانی پرۆسەکانی ئەنفال.
دادوەر سەعد لامی سەرۆکی دادگاکە، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (واع) رایگەیاندووە، حوکمەکە پلەی کۆتایی وەرگرتووە، دوای ئەوەی تێوەگلانی عەجاج لە پرۆسەی کۆمەڵکوژکردنی هاووڵاتیانی مەدەنیی کوردی رزگاربووی شاڵاوی ئەنفالدا سەلمێنرا و بەڵگەکان ئامادەن و راستین.
عەجاج کێیە؟
عەجاج یان حەجاج، ناوی (عەجاج ئەحمەد حەردان) تکریتییە، خەڵکی تکریتە و لە عەشیرەتی ئەلبوناسر و هۆزی نزارە، واتە عەشیرەتەکەی سەدام حسێن، هەروەها پلەی رائیدی ئەمن بووە.
لە دوای روخانی رژێمی بەعس، ماڵی لە کەرکوک بووە، دواتر بەرەو سوریا رایکردووە و لە گەڕەکی جەرمانەی دیمەشقی پایتەختی سوریا لە شوقەیەکدا ژیاوە.
لە کاتی دادگایکردنی سەرانی رژێمی بەعس، بەردەوام سەیری پرۆسەکەی کردوە و ئاگاداری ئەوە بووە ناوی وەک تاوانبار لە تاوانی ئەنفالدا هاتووە.
سێ کوڕی هەبووە، دووانیان بوونەتە چەکداری قاعیدە و لە شەڕێکدا لە ناحیەی (زلوعیە)ی پارێزگای سەڵاحەدین کوژراون، هەروەها کوڕە بچووکەکەی ناوی رائید بووە و لە سوریا لەگەڵ باوکی ژیاوە.
عەجاج دوو پاسەوانی تایبەتی هەبووە بەناوەکانی سەخر و شەوقی، چارەنووسی سەخر نادیارە، شەوقی لە ساڵی ٢٠١١ چووەتە ئەڵمانیا و داوای مافی پەنابەری کردوو.
No Comment! Be the first one.