چاویارنیوز – لە کاتێکدا دەسەڵاتدارانی هەولێر و لە سەرووشیانەوە مەسروور بارزانی، بەردەوام لاف و گەزافی «گواستنەوەی ئەزموونی سەرکەوتووی هەرێم بۆ بەغدا» لێ دەدەن، واقیعی تاڵی سەر زەمین تەواوی ئەم پڕوپاگەندانە پووچەڵ دەکاتەوە و دەیسەلمێنێت کە ئەوەی پێی دەگوترێت “حوکمڕانیی کوردی”، تا ئێستاش نەیتوانیوە لە عەقڵیەتی دیوەخان، تەکیە و میرنشینە سەرنەکەوتووەکانی سەدەی ڕابردوو دەرباز بێت.
کاتێک بە ڕۆژئاوا و ئەمریکییەکان دەڵێن «کورد شایەنی دەوڵەتداری و حوکمڕانی نییە»، نابێت کەس لۆمەی دەرەوە بکات؛ چونکە کاربەدەستانی هەرێم بە کردەوە سەلماندوویانە کە هێشتا لە قۆناغی شێخایەتی و خێڵ تێنەپەڕیون. چۆن دەکرێت باس لە هەناردەکردنی ئەزموونی سەرکەوتوو بکرێت لە کاتێکدا پاش دوو ساڵ لە هەڵبژاردن، هەولێر و سلێمانی تەنانەت ناتوانن کابینەیەکی یەکگرتوو پێک بهێنن و جارێکی تر گەلیان بەستووەتەوە بە قەیرانی دوو ئیدارەیی؟ مێژووی شکستی میرنشینەکانی بەهدینان، سۆران، بۆتان و شەمزینان، ئەمڕۆ بە بەرگێکی مۆدێرن و لە سایەی تاکڕەویی دەسەڵاتدا بەسەر هەرێمدا دووبارە دەبێتەوە.
بە پێچەوانەی بانگەشە بێبنەماکان، بەغدا بە هەموو کەموکوڕییەکانیەوە توانیویەتی تا ئاستێک پرەنسیپەکانی دیموکراسی و ئاڵوگۆڕی دەسەڵات پەیڕەو بکات، کەچی ئەزموونی حوکمڕانیی هەرێم بووەتە تێکەڵەیەک لە پاوانخوازیی خێڵەکی و وابەستەیی بە هەژموونی تاران و ئەنقەرە؛ دۆخێک کە تێیدا کورد وەک هەمیشە لە نێوان بەرداشی عوسمانی و سەفەویدا ورد دەکرێت.
سیاسەتی خۆخۆری، منمنیی دەسەڵاتداران و قۆرخکاریی ڕەهای بنەماڵەیی نیشانی دەدات کە “خووی شیری هەتا پیرییە”؛ دەسەڵاتێک خۆی نوقمی گەندەڵی و فەشەلی ئیداری بێت، چۆن دەتوانێت وانەی حوکمڕانی بداتە بەغدا؟!
No Comment! Be the first one.