چاویارنیوز _ سەرهەنگ عەبدولڕەحمان رۆژنامەنووس رایگەیاند: ماوەی چەند رۆژێکە دههۆڵی میدیایی باڵی سەرۆکی حکومەت بۆ پیاهەڵدان بە “دەستکەوتەکانی کابینەی نۆیەم” لێدەدرێت؛ شاشە و پەیجەکان پڕکراون لە ژمارە و مۆنتاژی بریقەدار کە دەیانەوێت حەوت ساڵ لە حوکمرانی وەک “سەردەمێکی زێڕین” وێنا بکەن. بەڵام دەپرسین: ئەم دەستکەوتانە لە ژیانی ڕاستەقینەی هاووڵاتیاندا لە کوێن؟
دەڵێت: کاتێک دەسەڵاتێک شانازی بە پڕۆژەکانیەوە دەکات، پێویستە ئاوڕێکیش لەو واقیعە تاڵە بداتەوە کە لەسەر ئەرزی واقیع دروستی کردووە. حەوت ساڵی رابردوو بۆ خەڵکی کوردستان، ساڵانی پڕ نەهامەتی، بڕین و نەهێشتنی مووچە، گرانکردنی بەنزین و نەوت و غاز و کارەباو شتومەک و قورسکردنی باج و سەرانە بوو لەسەر شانی کاسبکار و هاووڵاتیی ئاسایی.
باس لەوە دەکات، مەهزەلەی گەورە لێرەدایە؛ چۆن دەکرێت حوکمڕانییەک زیاتر لە ٣٤ تریلیۆن دینار قەرز بخاتە سەر شانی نەوەکانی ئەم نیشتمانە، کەچی هێشتا بە شان و باڵی خۆیدا هەڵبدات؟ ئەم ژمارە تۆقێنەرانە نیشانەی سەرکەوتن نین، بەڵکو بەڵگەی حاشاهەڵنەگری شکستێکی دارایی و ئیداریی گەورەن کە باجەکەی تەنها و تەنها هاووڵاتی شەکەت و ماندوو دەیدات.
گەورەترین دەستکەوتی ئەم کابینەیە، گۆڕینی خەونی مامۆستایان و فەرمانبەران لە داهێنانی زانستی و پەروەردەییەوە بۆ تەنها یەک پەرۆشی: “ئایا مانگی داهاتوو مووچە هەیە یان نا؟”
لەکاتێکدا کە دەبوو بەرپرسانی ئەم دەسەڵاتە، لە ئاستی ئەم هەموو قەیران و بارگرانییەدا، سەریان شۆڕ بکەن و بە ڕاشکاوی داوای لێبوردن لەم خەڵکە بکەن، کەچی دێن و لە ڕێگەی میدیای سێبەر و حیزبییەوە نمایشی شانازی دەکەن.
ئاماژە بەوە دەکات، شکۆ و شانازی ڕاستەقینە لە ڕازیبوونی خەڵک و ئارامیی بازاڕ و دابینکردنی بژێویدایە، نەک لە دروشمی بەتاڵ و ڕاپۆرتی حیزبیی دابڕاو لە واقیع. کاتێک خەڵک لە نێوان بەرداشی باج و نەبوونی مووچەدا دەهاڕدرێت، باشترە دەسەڵات کۆتایی بەم نمایشانە بهێنێت، چونکە مێژوو و بیرەوەریی خەڵک بە ڕیکلامی تەلەفزیۆنی ناسڕێتەوە.
No Comment! Be the first one.