چاویارنیوز – میدیاکانی پارتی کە بە بودجەی خەڵک و داهاتی نەوت چالاکی دەکەن، لە ئاست ئەو زیندانەی ئەم حزبە بۆ ڕۆژنامەنووسان و ڕەخنەگران دروستی کردووە، فزەیان لێوە نایەت و سیمایەکی جیاواز لە سەر بنەمای درۆ بە خەڵک و بینەرانیان پیشان دەدەن، کەچی خۆیان بە هەواڵ و بابەتی پێوەندی دار بە وڵاتانی دراوسێ سەرقاڵ کردووە.
پاش ١٦ ساڵ بە سەر تیرۆرکردنی سەردەشت عوسمان کە تێیدا مەسرور بارزانی و دەسەڵاتەکەی تۆمەتباری سەرەکین، لێکۆڵینەوەکان هیچ ئەنجامێکیان نەبوو، دوای چوار مانگ و پازدە ڕۆژ، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە بۆ ئەو تاوانە پێکهێنرا و سینارۆیەکی دروستکرد، ئەنجامێکی بەدواداچوونی کەیسی تیرۆرکردنی سەردەشتی ڕاگەیاند، کە بووە مایەی گاڵتەجاڕی راگەیاندنەکان. دوای ماوەیێک کاتێک ڕۆژنامەنووسێکی ئیتاڵی پرسیار لە مەسعود بارزانی دەکات، سەبارەت بەم تاوانە و بێئاکامیی لیژنەکە، بارزانی تووڕە دەبێت و بە یەک دێڕ وەڵام دەداتەوە، کە سەردەشت ڕۆژنامەنووس نەبووە، تەنها قوتابی بووە و دەستی لەگەڵ تیرۆریستاندا هەبووە.
پاش ١٦ ساڵ لەو تاوانە کە حزبی دەسەڵاتدار تۆمەتبارە سەرەکییەکەیە، دۆخی ڕۆژنامەنووسان زۆر خراپتر بووە و نموونەکەی کەیسی شیروان شیروانییە، ڕۆژنامەنووسێک کە کەوتۆتە بەر غەزەبی دەسەڵاتی پارتی و دەیانەوێت تا هەتایە و بە بیانووی بێ بنەما لە زینداندا بیهێلنەوە و هیچ ئاوڕێک لە باردۆخی تەندروستی لە زیندان نادەنەوە کە بە هۆی مانگرتنەکەی ژیانی لە مەترسی دایە. بەم دۆخەوە کە سەیری کەناڵەکانی پارتی دەکەی، ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بە بەهەشت وێنا دەکات و بینەرانی بە هەواڵی بێ بنەما و ساختەی وڵاتانی دیکە بە تایبەت وڵاتای دراوسێ سەرقاڵ دەکات و فرمێسکی تیمساحی بۆ تاوانبارانی وڵاتانی دیکە دەڕێژن گوایە غەدریان لێی کراوە.
ئەمەیە ڕووی ڕاستەقینەی میدیای پارتی و پاراستن، بێدەنگی لە ئاست ئەو جەهەنەمەی بۆ خەڵک دروستیان کردووە و هەواڵی بێ بنەما و ساختە لەسەر ناوچەکانی دیکە و کوردایەتی فرۆشتن بە خەڵک و یاری بە ژیان و گوزەرانی خەڵک.
No Comment! Be the first one.