چاویارنیوز – ئەو دیوارە ئەستوورەی بنەماڵەی بارزانی کە ساڵانێکی درێژ وەک قەڵایەکی یەکگرتوو نیشانیان دەدا، ئێستا نەک هەر درزی تێبووە، بەڵکو لەبەردەم تەقینەوەیەکی گەورەدایە.
زانیارییە دزەپێکراوەکانی ناو کۆبوونەوە داخراوەکانی سەری ڕەش باس لەوە دەکەن کە ململانێی نێوان مەسروور بارزانی و نێچیرڤان بارزانی گەیشتووەتە ئاستی قسەپێوتن و شکاندنی یەکتری لەبەردەم مەسعود بارزانیدا.
ئەمە تەنها کێشەیەکی خێزانی نییە، بەڵکو سەرەتای داڕووخانی دەسەڵاتێکە کە هەرێمی کوردستانی بەرەو لێواری فەوتان بردووە.
پەیامە کەمەرشکێنەکەی ئەردۆغان
سەردانەکەی مەسروور بارزانی بۆ تورکیا کە وەک هەوڵێک بۆ ڕزگاربوون لە گۆشەگیریی سیاسی دەبینرا، بوو بە کابووسێک بۆی! بەپێی زانیارییەکان، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ یەکەمجار و ڕاشکاوانە بە مەسروور بارزانی ڕاگەیاندووە: “دەبێت ڕێگا چۆڵ بکەیت”.
ئەم داوایەی تورکیا گەورەترین زەبر بوو کە بەر مەسروور بکەوێت. بەڵام ئەو لە جیاتی تێگەیشتن لە شکستی سیاسەتەکانی، پەنجەی تۆمەت بۆ ئامۆزاکەی (نێچیرڤان) درێژ دەکات و پێی وایە ئەو لەژێرەوە ئەوی لە بن هێناوە و تورکیای هانداوە تا متمانەی لێ وەربگرنەوە.
دەسەڵاتە قەرقۆزییەکەی مەسروور لە هەرێمێکی بێ حکومەت و پەرلەمان
مەسروور بارزانی لە کاتێکدا نێچیرڤان بە پیلانگێڕی تۆمەتبار دەکات (کە بەشێکی ڕاستە و نێچیرڤان بووەتە هۆکاری قەیرانەکانی)، خۆی فەرامۆش دەکات!
نزیکەی چوار ساڵە هەرێمی کوردستان بێ پەرلەمان و بێ حکومەتێکی شەرعی ماوەتەوە؛ دامودەزگا یاساییەکان تەنها لە پێناو پاراستنی کورسییەکەی مەسروور ئیفلیج کراون. ئەمڕۆ حکومەتێک لە ئارادا نییە بتوانێت هەڵبژاردن بکات، چونکە مەسروور لە ناوخۆدا هێندە تەنیا کەوتووە، تەنانەت ناتوانێت سێ پەرلەمانتاریش کۆبکاتەوە بۆ ئەوەی شەرعیەت بە پاشاگەردانییەکانی بداتەوە.
ئیمپراتۆریەتی دزی و گەندەڵی لەژێر هەڕەشەدا
سیاسەتە توندڕەو و تاکڕەوانییەکانی مەسروور بارزانی، هەرێمی گەیاندووەتە خراپترین دۆخی مێژوویی. سکاڵا یاساییەکانی دەرەوە (بە تایبەت لە ئەمریکا) و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی، خەریکە ئەو ئیمپراتۆریەتی فەرهود و تاڵانکارییەی کە پارەی خەڵکی پێ دەدزرا، لەناو دەبەن.
هاوکات، دۆسیەی سەرکوتکردنی ئازادییەکان و زیندانیکردنی ڕۆژنامەنووسانی وەک شێروان شێروانی و قارەمان شوکری، بووەتە پەڵەیەکی ڕەش بە نێوچاوانی ئەم کابینەیەوە و وایکردووە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وەک “دکتاتۆرێکی بچووک” سەیری مەسروور بارزانی بکەن.
هاوپەیمانییە نهێنییەکانی نێچیرڤان؛ گورز لە پشتەوە!
نێچیرڤان بارزانی کە بە ئەندازیاری چاڵهەڵکۆڵین بۆ مەسروور دادەنرێت، وا دیارە ئەمجارەش یارییەکی توندی لە دژی ئامۆزاکەی کردووە. دەرنەچوونی کاندیدەکەی مەسروور لە بەغدا بۆ پۆستی وەزاری و دوورخستنەوەی (ڕێبەر ئەحمەد)، بە فیت و نەخشەی نێچیرڤان بووە.
مەسروور بڕوای وایە کە نێچیرڤان بە نهێنی هاوپەیمانی لەگەڵ نەیارەکانی بەستووە بۆ ئەوەی زیاتر ناشیرینی بکەن و لە کورسییەکەی بیهێننە خوارەوە (ئەمەشیان ١٥ی ئایار و پێشهاتەکان ڕاستی ڕووداوەکان دەسەلمێنن. )
دەرەنجام:
ململانێی نێوان ئامۆزاکان تەنها ململانێی دوو کەس نییە، بەڵکو ململانێی دوو جۆر لە خراپکارییە:
* مەسروور: بە تاکڕەوی، سەرکوتکردن و چەقۆکێشی سیاسی دەیەوێت بمێنێتەوە.
* نێچیرڤان: بە پیلانگێڕی، سازش و هاوپەیمانی نهێنی کار دەکات.
بەڵام ئەوەی لەم ناوەندەدا دەبێتە قوربانی، تەنها قەوارەی هەرێمی کوردستان و بژێوی خەڵکەکەیەتی. کاتێک ئەردۆغان داوای ڕۆیشتنی مەسروور دەکات، واتە ماوەی بەسەرچوونی ئەم تاقمە کۆتایی هاتووە؛ ئەوەی ئێستا لە سەری ڕەش دەگوزەرێت، تەنها ململانێیە لەسەر پاشماوەی دەسەڵاتێکی داڕماو!
No Comment! Be the first one.