چاویارنیوز – مێژوو پڕە لە چیرۆکی ئەو دەسەڵاتدارانەی لە ئێش و ئازاری گەلەکانیانەوە دوور بوون. بەناوبانگترینیان وتەکەی «ماری ئەنتوانێت»ی شاژنی فەرەنسا بوو، کاتێک پێیان گوت خەڵک نانی نییە بیخوات، گوتی: «ئاساییە، با پسکیت بخۆن!». ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان، دەسەڵات و بەتایبەت کابینەی نۆیەم بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، هەمان ئەو مۆدێلە لە بێئاگاهی و کەمتەرخەمی بەرامبەر دۆخی ژیانی هاووڵاتییان دووبارە دەکەنەوە؛ بەڵام بە فۆرمێکی نوێ: «ئەگەر کێشە و قەیرانتان هەیە، فەرموون پێشانگا و ڤیستیڤاڵ بخۆن!»
داڕمانی ئابووری و سەرقاڵکردنی خەڵک بە کاری بێبایاخ
لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان لە ژێر باری زیاتر لە ٣٠ ملیار دۆلار قەرزدا دەناڵێنێت، قەیرانی پێنەدانی مووچە بە تەواوی بازاڕی شەلەل کردووە، کەرتی تایبەت لە پاشەکشەدایە و گەنجان بەهۆی بێکاریی بەرفراوانەوە ڕێگەی مەترسیداری کۆچ و خنکان لە دەریاکان دەگرنەبەر؛ حکومەتی هەرێم لەبری دۆزینەوەی چارەسەری ڕاستەقینە، سەرقاڵی سازدانی دەیان ڤیستیڤاڵ و نمایشی سەیروسەمەرەیە.
لە دیدی دەسەڵاتی ئێستای هەولێردا، وەڵامی هەموو دەرد و مەینەتییەکان بووەتە “سڕکردنی کۆمەڵگە”. لە کاتێکدا هاووڵاتی لە سەرەتاییترین مافەکانی وەک ئاو، کارەبا و سووتەمەنیی زستانە بێبەشە، حکومەت بە ئاهەنگ گێڕان بۆ پشیلە، نمایشی جلوبەرگ، کۆنسێرتی گۆرانیبێژانی بیانی و ڤیستیڤاڵی خواردن دەیەوێت سەرنجی شەقام لەسەر کێشە بنەڕەتییەکان لابدات. لەبری چارەسەرکردنی دابەزینی بەهای دراو و گرانیی بژێوی، سەرمایەی وڵات لە پڕۆژە و چالاکیی ڕووکەش و ئاهەنگی تایبەت (VIP) خەرج دەکرێت.
ئیفلیجبوونی سیاسی لە سایەی هەڕەشە دەرەکییەکاندا
ئەم بێخەمییەی کابینەی مەسرور بارزانی لە کاتێکدایە کە دامەزراوە شەرعی و یاساییەکانی هەرێم تووشی شەلەلی تەواو بوون؛ پەرلەمان پەکخراوە، پرۆسەی سیاسی بنبەستە، و ئاڵۆزییە ناوچەییەکانیش وەک مەنجەنیق لە دەوری هەرێمی کوردستان دەکوڵێن. سەرەڕای ئەو هەموو قوربانیدانە مێژووییەی گەلی کورد بۆ گەیشتن بە مافەکانی داویەتی، کەچی ئەمڕۆ ئۆپۆزسیۆن و شەقام چاوەڕێی ئەوەن کەی دوو حیزبە دەسەڵاتدارەکە لەسەر کورسی و پشکەکانی دەسەڵات ڕێکدەکەون.
لە ڤیستیڤاڵی کولتوورییەوە بۆ «قەڵای درۆ»
ئەگەرچی ڤیستیڤاڵ و بۆنە کلتوورییەکان لە وڵاتانی ئاساییدا نیشانەی گەشەسەندن و خۆشگوزەرانین، بەڵام چاودێران پێیان وایە کە لە هەرێمی کوردستان، ئەم چالاکییانە لە ناوەرۆکی ڕاستەقینەی خۆیان داماڵراون. دەسەڵاتەکەی بارزانی ئەم بۆنانەی کردووەتە «قەڵای درۆ» و هۆکارێک بۆ فریودانی خەڵک، تا تووڕەیی و ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لەژێر پەردەی موزیک و ئاهەنگە کاتییەکاندا بشارێتەوە.
ئەم سیاسەتە ئەگەر بۆ ماوەیەکی کاتی سەرنجی خەڵک لە برسییەتی لابدات، بەڵام قەیرانە بنەڕەتییەکان ناشارێتەوە. مێژوو دەریخستووە ئەو دەسەڵاتانەی وەڵامی هاواری «نان» بە «پسکیت و ئاهەنگ» دەدەنەوە، لە کۆتاییدا لەبەردەم ڕق و تووڕەیی کەڵەکەبووی گەلەکەیاندا ڕوو بە ڕووی چارەنووسێکی چاوەڕواننەکراو دەبنەوە.
No Comment! Be the first one.