چاویارنیوز _ لە چوارچێوەی پرۆسەی دژی گەندەڵی ، هێزە ئەمنییەکان و دەزگا تایبەتەکان، هەڵمەتێکی فراوانیان دەستپێکرد بۆ دەستگیرکردنی ژمارەیەک لە بەرپرسانی گومانلێکراو بە تۆمەتی ئەنجامدانی گەندەڵی و بردنی سامانی گشتی وڵات .
بەپێی ئەو زانیارییانەی تا ئێستا بڵاوکراونەتەوە، ئەم هەڵمەتە لە ژێر چاودێری سەرۆک وەزیران (عەلی زەیدی) بەڕێوەدەچێت و بەردەوامە و بە هاوکاری دەستەی نەزاهەو، ئەنجومەنی دادوەری باڵاو دیوانی چاودێری دارایی، بە مەبەستی گەڕاندنەوەی سامانی گشتی و لێپرسینەوە لە کەیسە گەورەکانی گەندەڵی .
لە نێو ئەو کەسانەی بە فەرمی ڕاگەیندراون، (عەدنان الجمیلی)، جێگری وەزیری نەوت بۆ کاروباری پاڵاوتن، دەستگیر کراوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە. هەروەها ناوی (رائد الجبوری)، پارێزگاری پێشووی سەلاحەدین، لەو کەیسانەدا هاتووە.
سەرچاوە عەرەبییەکان و میدیای ناوخۆیی دەڵێن: حکومەت سوورە لەسەر ئەوەی ئەم هەڵمەتە تەنها دەستپێک بێت، نەک کۆتایی، و ئامانجەکەی بریتییە.. لە دەرهێنانی ڕەگ و ڕیشەی گەندەڵی لە دامەزراوەکانی دەوڵەت و گەڕانەوەی سامانی گشتی وڵات .
بەڵام تاکو ئێستا دادگا بڕیاری کۆتایی لەسەر زۆربەی ئەم کەیسانە نەداوەو لە قۆناغی لێکۆڵینەوەدان .
ئەگەر هەڵمەتی دژ بە گەندەڵی لە عێراق بە شێوەیەکی گشتی، سەربەخۆبێت و بە پشتگیری دادگا بەردەوام بێت و دەستی تێنەکەوێت ،
ئەوا یەکەم جار نابێت وڵاتێک لە ناوچەدا هەنگاوی قورس لە دژی تۆڕەکانی گەندەڵی هەڵنابێت.
لە ساڵی ٢٠١٧دا، وڵاتی سعودییا هەڵمەتێکی فراوانی دژ بە گەندەڵی ئەنجامدا و ژمارەیەک لە وەزیران، بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە و ئەندامانی خێزانی پاشایەتی و بازرگانانی گەورە دەستگیر کران و لێپێچینەوەیان لەگەڵ کرا .
لە عێراق دوای دۆزینەوەی کەیسی (دزینی سەدە) لە ساڵی ٢٠٢٢ دا ، دەستگیرکردن و لێکۆڵینەوەی ژمارەیەک بەرپرسی حکومی و بازرگانی دەستی پێکرد و بابەتی گەندەڵی گەڕایەوە بۆ ئاجێندای سیاسی کە وەک گەندەڵی رێکخراو دەردەکەوت .
هەروەها لە هەندێک وڵاتی دیکەی ناوچەکەدا ، وەک ئێران، میسر و ئوردن، لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا چەندین هەڵمەتی دژ بە گەندەڵی ئەنجامدراوە و بەرپرسانی حکومی و فەرمانبەرانی باڵا بۆ دادگا بانگهێشت کران یان دەستگیر کران .
لەم قۆناغەدا ئەگەر بێت و عێراق بتوانێت بە دادپەروەری یاسا لەسەر هەمووان جێبەجێ بکات، بێ جیاوازی لەنێو دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆندا، ئەوا ئەم هەنگاوە دەتوانێت ببێتە دەسپێکی قۆناغێکی نوێ بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی یاسا و بەرپرسیارێتی نیشتمانی .
بەڵام سەرکەوتنی هەر هەڵمەتێکی دژ بە گەندەڵی بەوە دەچەسپێت کە لە کۆتاییدا بڕیارەکانی دادگا بە شێوەیەکی دادپەروەرانە جێبەجێ بکرێن و هیچ کەسێک لە سەرووی یاساوە خۆی نەبینێتەوە .
No Comment! Be the first one.