چاویارنیوز – ندروستی جیهانی چەند ڕێنماییەک بۆ خۆپاراستن لە گەرما لە کاتی زیارەتی ئەربەعین بڵاودەکاتەوە.
ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، داوای کرد ئامادەکارییەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما چڕبکرێنەوە، هاوکات لەگەڵ نزیکبوونەوەی مەراسمی زیارەتی چلەدا لە عێراق. ڕێکخراوەکە چەند ڕێنماییەکی تەندروستی ئاڕاستەی زیارەتکاران کردووە بە مەبەستی کەمکردنەوەی مەترسییەکانی “فشاری گەرما” و ماندوێتی نالەبار بەهۆی بەرزی پلەکانی گەرماوە.
ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە بەیاننامەیەکدا، کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) نێردراوە، ڕایگەیاند: “هاوکات لەگەڵ ئامادەکاریی ملیۆنان زیارەتکار بۆ بەڕێوەچوون بەرەو شارەکانی کەربەلا و نەجەف بە مەبەستی بەشداریکردن لە مەراسیمی زیارەتی چلە، داوا دەکەین ڕێکارەکانی خۆپارێزی لە مەترسییەکانی گەرما چڕبکرێنەوە.”
لە بەیاننامەکەدا هاتووە: “ئەم داوایە لە ڕووی ئەنجامەکانی هەڵسەنگاندنێکی ئەزموونیی مەترسییەکانی گەرما لەسەر تەندروستی لە عێراق هاتووە، کە لەلایەن نووسینگەی هەرێمیی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانییەوە ئامادە کراوە. هەڵسەنگاندنەکە ئاماژە بەوە دەکات کە پێشبینی دەکرێت زیارەتی چلەی ئەمساڵ هاوکات بێت لەگەڵ بەرزترین پلەکانی گەرما کە لە خولی مانگیی (القمریة) ئێستادا تۆمار کرابن.”
بەپێی هەڵسەنگاندنەکان، پێشبینی دەکرێت پلەکانی گەرما لە کاتی ڕۆژدا بگەنە نزیکەی ٤٥پلەی سەدی، و لە شەوانیشدا لە هەندێک شوێنی ڕێڕەوی زیارەتکاران لە سەرووی ٣٠پلەی سەدی بمێننەوە. ڕێکخراوەکە جەختی لە گرنگی ئامادەکاری پێشوەختە و گرتنەبەری ڕێوشوێنی سادە کردووە بۆ پاراستنی زیارەتکاران، خۆبەخشان و کارمەندانی تەندروستی.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە زیارەتی ئەربعین یەکێکە لە گەورەترین کۆبوونەوە مرۆییە ساڵانەکان لە جیهاندا، و چاوەڕوان دەکرێت زیاتر لە ٢٢ملیۆن زائر بەشداری تێدا بکەن. بەهۆی ئەوەی زۆربەیان بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک و بە پیادە دەبڕن، بەرکەوتنی بەردەوام بە تیشکی خۆر و ماندوێتی جەستەیی، مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی پەیوەست بە گەرما زیاد دەکات، ئەمەش وا دەکات هەماهەنگی پێشوەختە و ئامادەکاری تەندروستی بابەتێکی یەکجار گرنگ بێت.
بەپێی هەڵسەنگاندنەکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، ١٠ پارێزگا لە کۆی ١٨ پارێزگای عێراق لەژێر هەڕەشەی توندی نەخۆشییە پەیوەندیدارەکان بە گەرما دان. پارێزگاکانی کەربەلا، نەجەف، بابل و پارێزگاکانی باشوور کە دەکەونە سەر ڕێڕەوی سەرەکی زیارەتکاران، لە پلەی یەکەمی مەترسییەکەدان. ئاماژە بەوەشکراوە کە هەندێک ناوچەی باشووری عێراق ساڵانە زیاتر لە ٧٠ ڕۆژ پلەی گەرمایان لە سەروو ٤٥ پلەی سیلیزییە و زۆرجار دەگاتە ٥٠ پلە، ئەمەش عێراق دەکاتە یەکێک لەو ناوچانەی جیهان کە بە خێرایی گەرم دادێن.
ڕێکخراوەکە هۆشداری دەدات کە گەرمای توند دەبێتە هۆی “وشکبوونەوەی جەستە، هیلاکیی گەرما و جەڵتەی گەرما”، جگە لەوەی دەبێتە هۆی تێکچوونی دۆخی ئەو کەسانەی نەخۆشی دڵ، کۆئەندامی هەناسە و گورچیلەیان هەیە. ڕۆیشتن بۆ ماوەی دوور و نەخواردنەوەی ئاوی پێویست، مەترسییەکان دوو هێندە دەکات.
جەمیلە ڕاێبی، نوێنەری ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە عێراق، ستایشی هەوڵەکانی حکومەت، دەزگا تەندروستییەکان و عەتەبە پیرۆزەکانی کرد بۆ دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان. ڕاێبی جەختی کردەوە کە “پاراستنی تەندروستی زیارەتکاران بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشە” و داوای کرد سێبەری زیاتر و ئاوی خواردنەوەی پاک و بنکەی تیمی پزیشکی خێرا لەسەر ڕێگاکان دابین بکرێن.
ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی چەند ڕێنماییەکی گرنگی بۆ پاراستنی گیانی زیارەتکاران بڵاوکردەوە:
١. ئاوی پاک بخۆرەوە: بە بەردەوامی ئاو بخۆرەوە و چاوەڕێ مەکە تا تینووت دەبێت.
٢. پشوو بدە: لە شوێنە سێبەرەکان و ئەو شوێنانەی فێنککەرەوەیان تێدایە پشوو بدە، تەنانەت لە شەویشدا.
٣. جلی گونجاو: جلی سووک و فراوان بپۆشە بۆ پاراستنی جەستەت لە تیشکی خۆر.
٤. چاودێری کەسانی ناسک بکە: ئاگاداری منداڵان، بەساڵاچووان، ژنانی دووگیان و ئەو کەسانە بە کە نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە.
٥. دەرمانەکانت لەبیر مەکە:ئەگەر نەخۆشییەکی دیاریکراوت هەیە، دەرمانی پێویست بۆ تەواوی گەشتەکە لەگەڵ خۆت ببە.
٦. داوای یارمەتی پزیشکی بکە: ئەگەر هەستت بە گێژبوون، سەرئێشەی توند یان بووڕانەوە کرد، دەستبەجێ سەردانی نزیکترین بنکەی تەندروستی بکە.
No Comment! Be the first one.