چاویارنیوز – باڵی نێچیرڤان بارزانی شەرمنی سیاسی دەشکێنن و دەست بۆ پرسە هەستیارەکەی ماڵباتی بارزانی دەبەن.
دوای ساڵانێک لە داپۆشینی ململانێ ناوخۆییەکانی ناو بنەماڵەی دەسەڵاتدار، شەڕی هێز و هەژموون لە سەری ڕەش گەیشتووەتە قۆناغی بەکارهێنانی چەکی قورس لە ڕاگەیاندندا.
ئێستا کار گەیشتۆتە بەو دۆخەی کە لە پەندە کوردییەکەدا هاتووە و دەڵێت “بانگی محەمەد بە ئاشکرا خۆشە”، باڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، قۆناغی بێدەنگی و شەرمیان بەرامبەر باڵی مەسرور بارزانی شکاند؛ بەمەش بۆ یەکەمجار بە ئاشکرا جاری کۆتاییهاتنی ڕۆڵی ڕۆحی و سیاسیی چەمکی “مەرجەع” مەسعود بارزانیان لە ناو پارتیدا دا،کە باڵی نێچیرڤان پێینوایە مەسرور بارزانی ئەم نازناوەی باوکی لەبەرژوەندی خۆی بەکارهێناوە.
لە بەرامبەردا، سەرکردایەتی باڵی مەسرور بارزانی بە هەمان زمانی ئاشکرا لە سەنگەردان و تۆمەتی ئۆپۆزسیۆنبوون دەدەنە پاڵ ڕکابەرەکانیان لە ناو حزبدا.
ئەم وەڵامدانەوانە تا ئەو ئاستە شتەکانی ڕوونکردووەتەوە کە بە ڕاشکاوی ڕێگەی چوونە دەرەوەیان نیشان دەدەن و دەڵێن: “فەرموون بچن حزبی نوێی ئۆپۆزسیۆن دروست بڕەخسێنن.”
شکاندنی کاریزمای بارزانیی باوک:
ڕێبوار کەریم وەلی، ڕۆژنامەنووسی نزیک لە نێچیرڤان بارزانی، لە وتارێکی بێپێشینەدا ڕایگەیاند کە قۆناغی “پۆست-بارزانی” بە کردەوە دەستی پێکردووە.
ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە بارزانیی باوک کارێزمای ١٠ ساڵی پێشووی نەماوە و هۆکاری سەرەکی درێژەکێشانی قەیرانەکانی هەرێم، پەککەوتنی پەرلەمان و پێکنەهێنانی حکومەت بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ناوبراو توانای دەستبەسەرداگرتن و کۆنترۆڵکردنی باڵەکانی حزبی نەماوە.
ناوبراو جەختی لەوەش کردەوە کە بڕیارە سیاسییەکانی بارزانیی باوک لە بری پاراستنی مێژووی خۆی، تەنها لە پێناو بەرژەوەندی و پێگەی کوڕەکانیەتیدا ئاڕاستە دەکرێن.
لێدان لە چەمکی مەرجەعییەت:
نەزهەت حالی، بەرپرسی پێشووی ئاژانسی پاراستن و کەسایەتی دیاری نزیک لە نێچیرڤان، ڕەخنەی ناڕاستەوخۆی ئاڕاستەی چەمکی مەرجەع کرد و ڕایگەیاند لە ئەدەبیاتی سیاسی و دەوڵەتداریدا شتێک بە ناوی “مەرجەع” بوونی نییە، بەڵکو تەنیا سەرۆک و ڕێبەر هەن.
نەزهەت حالی هۆشیاری دا لەوەی کە ئەگەر سەرکردایەتی ئێستا نەتوانێت کێشەکان چارەسەر بکات، گەل بەدوای ئاڵتەرناتیڤدا دەگەڕێت.
“پەرچەکرداری باڵی مەسرور: تۆمەتی ئۆپۆزسیۆنبوون و داوای وەدەرنان”
وەڵامی باڵی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەت، توند و دەستبەجێ بوو. ئاری هەرسین، کەسی نزیک لە باڵی مەسرور بارزانی، بە توندی لە نەزهەت حالی هاتە دەنگ و تانەی لەوە دا کە کەسێک خۆی لە بەرزترین ئاستی دەسەڵاتی ئەمنیدا بووبێت، لەسەر ئاستی باڵا سودمەند بووبێت و تا ئێستاش ئیمتیازات و پاسەوانی ئاژانسی پاراستنی پێ بێت، ناتوانێت لە پێگەی هاوڵاتییەکی مەغدوور یان ئۆپۆزسیۆنەوە بدوێت.
ناوبراو پێداگریی لەسەر مەرجەعییەتی مەسعود بارزانی کردەوە و بە ئاشکرا دەستەواژەی دروستکردنی حزبی نوێی خستە بەردەم باڵی نێچیرڤان.
ئاری هەرسین وتی: “ئەگەر من ساحێبی ئەو بۆچوونانەی کاک نەزهەت بوومایە، بە دڵنیاییەوە حیزبێکی نوێی ئۆپۆزسیۆنم (بە بێ بڕوابوون بە مەرجەع) دروست دەکرد و سەرکردایەتی ناڕەزاییەکانی کۆمەڵگەکەم دەکرد… بەس ئەو ئیشانە بە ئینسانی بە جورئەت دەکرێت.”
پاشخانی پیلانەکان: لە شڵەژانی پاریسەوە تا گرژییەکان لە هەولێر
ئەم کرانەوە سیاسییە توندە، زادەی زنجیرەیەک کیبرکێی مەترسیدار و پیلانی پشت پەردەیە کە لە چەند مانگی ڕابردوودا بەڕێوەچوون:
سەردانەکەی نێچیرڤان بۆ پاریس:
دەرکەوتنی نێچیرڤان بارزانی لە پاریس لەگەڵ سەرکردە جیهانییەکانی وەک دۆناڵد ترەمپ و ئیمانوێل ماکرۆن (کە هاوکات بوو لەگەڵ گۆڕانکارییە خێراکانی ناوچەکە و ئاڵوگۆڕی دەسەڵات لە سوریا)، باڵی مەسرور بارزانی تووشی شڵەژان کرد.
بەپێی زانیارییەکانی چنین میدیا، هەر ئەوکات دەستبەجێ لە ڕێگەی ژووری ئۆپراسیۆنی میدیایی و کەناڵی “ئاڤا”وە هەڵمەتێک بۆ تەکفیرکردن و لێدانی ڕاگەیاندنکارانی نزیک لە نێچیرڤان (وەک شاهۆ ئەمین لە ڕووداو) دەستی پێکرد، هاوکات دەنگۆی تووشبوونی نێچیرڤان بارزانی بە نەخۆشیی سەخت بڵاوکرایەوە تا بایەخی دەستکەوتە دیپڵۆماسییەکانی کەمبکرێتەوە.
زۆرانبازی مەیدانی لە هەولێر:
ناکۆکییەکان تەنها لە چوارچێوەی میدیادا نەمێنرانەوە؛ ساڵی ڕابردوو لە ڕووداوێکی بێپێشینەدا، لەلایەن کەسایەتییەکی سەر بە پاراستنی مەسرور بارزانی بە ناوی “دکتۆر دڵشاد”، هێرشی جەستەیی کرایە سەر ڕێباز حەملان (کەسی نزیکی نێچیرڤان بارزانی) لە کاتێکدا ناوبراو لە ناو جەرگەی هەولێر سەرقاڵی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی بوو.
داهاتووی حزب لەسەر دەستی نەوەی دووەم:
ململانێی ئێستای ناو پارتی دیموکراتی کوردستان زۆر قورسترە لە دابەشبوونە مێژووییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان (وەک کێشەکانی لاهور شێخ جەنگی و بافڵ تاڵەبانی)؛ چونکە هەردوو لایەنی ململانێکار خاوەنی دوو پۆستی هەستیاری حکومڕانین و پێکهاتەی حزبەکەش لەسەر بنەمای بنەماڵەیییە.
لە ئێستادا، مەسعود بارزانی وەک بەربەستێکی کاتی لە بەرامبەر تەقینەوەی تەواوەتی و داڕمانی حزبەکە وەستاوە. بەڵام شکانی شەرمی باڵی نێچیرڤان لە لێدان لە چەمکی مەرجەعییەت و پێشنیاری باڵی مەسرور بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لە دەرەوەی حزب، دەریخست کە هاوسەنگییەکان گەیشتوونەتە خاڵی بێگەڕانەوە و تەقینەوە.
ئەو دەرفەتەی کە ئێستا لە ئاستە نێودەوڵەتییەکان دراوە بە نیچێرڤان بارزانی کە حکومەت پێکبێنێت و کۆتایی بە دوو ئیدارەیی بێنێت، پێشئەوەی کۆمەڵگەی نیودەوڵەتی بڕیاری دیکە لەسەر هەرێم بدات؛خەریکە دەرفەتەکە کۆتایی دێت و باڵی نیچیرڤانیش ئیحراجی بەردەم کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بووە وەکو کەسێکی بیدەسەڵات لە ئاستی ناوخۆدا سەیدەکرێت.
هەربۆیە نەزهەت حالی و ڕێبوار کەریم زەنگی کۆتایی هاتنی مەرجەعی مەسعود بارزانیان لیدا ئەمەش بۆ کردنەوەی دەرگا داخراوەکە بەرووی نێچیرڤاندا پێش ئەوەی دۆخەکە بتەقێتەوە و لە دەستی نێچرڤانیش دەربچێت.
جاری مردنی مەرجەع لەناو پارتی لێدەدرێت
لە ئێستادا، مەسعود بارزانی وەک بەربەستێکی کاتی لە بەرامبەر تەقینەوەی تەواوەتی و داڕمانی حزبەکە وەستاوە. بەڵام شکانی شەرمی باڵی نێچیرڤان لە لێدان لە چەمکی مەرجەعییەت و پێشنیاری باڵی مەسرور بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لە دەرەوەی حزب، دەریخست کە هاوسەنگییەکان گەیشتوونەتە خاڵی بێگەڕانەوە و تەقینەوە.
No Comment! Be the first one.