چاویارنیوز – ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی مەدەنی، گوهدار زێباری، ڕەخنەی توند لە گوتار و ئەدای حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەگرێت و ڕایدەگەیەنێت کە کابینەی نۆیەم تەنانەت لە ڕووبەڕووبوونەوە و دیبەیتە تەلەفزیۆنییەکانیشدا تووشی «شکست و ئیحراجیی ڕەها» بووە.
گوهدار زێباری لە پەیامێکدا سەبارەت بە دیبەیتی نێوان عەلی حەمەساڵح، پەرلەمانتاری پێشوو و سەرۆکی ڕەوتی هەڵوێست لەگەڵ نوێنەری بەرەی دەسەڵات/کابینەی نۆیەم، ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەوەی لەسەر شاشەکان بینرا، ڕووبەڕووبوونەوەیەکی یەکلایکەرەوە بوو لە پێش چاوی هاووڵاتییاندا. ناوبراو نووسیویەتی: «دیبەیتەکەی ئەمڕۆ ئیحراجکردنی ڕەهای ئەقڵیەتی حوکمڕانی و نوێنەرەکەی بوو لەسەر شاشە بە بەرچاوی میللەتەوە. عەلی حەمەساڵح بە ژمارە و بەڵگەی بەردەست وەها نوێنەرەکەی تووشی شۆک کرد کە ئاستی بێ وەڵامی و بێ بەرنامەیی تەواوی کابینەکەی خستەڕوو.»
ئەم لێدوانەی گوهدار زێباری لە کاتێکدایە کە ناوبراو یەکێک بوو لە دەستگیرکراوە دیارەکانی دۆسیەی ناسراو بە «زیندانیانی بادینان»، کە لە پایزی ساڵی ۲۰۲۰ لە لایەن دەزگا ئەمنییەکانی هەولێر و دهۆکەوە لە چوارچێوەی هەڵمەتێکی فراواندا دەستبەسەر کرا و دواتر بە تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی بە زیندانیکردن سزادرابوو. زێباری دوای تەواوکردنی ماوەی سزاکەی و سەپاندنی چەندین دۆسیەی دیکە بەسەریدا، لە ئابی ٢٠٢٤ بە فەرمی لە زیندان ئازاد کرا. چاودێران دەستگیرکردن و حوکمدانی چالاکوانانی بادینانیان وەک بەشێک لە سیاسەتی کابینەی نۆیەم بۆ بەرتەسککردنەوەی ئازادیی ڕادەربڕین و دەنگی ناڕازی لە قەڵەم دەدا، و ئێستاش دوای ئازادبوونی، ناوبراو بەردەوامە لە ڕەخنەگرتن لە سیاسەتە ئابووری و بەڕێوەبردنەکانی کابینەی مەسرور بارزانی.
No Comment! Be the first one.