چاویارنیوز – سەرۆکی فراکسیۆنی هەڵوێست لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بڕیاری وەزارەتی ئەوقاف بۆ دوورخستنەوەی مامۆستا تاهیر کەلەباشی (بەحرکەیی) لە وتاربێژی شەرمەزار دەکات و دەسەڵات بە “سەرکوتکردنی دەنگی ئازاد و ڕەخنەگر” تۆمەتبار دەکات.
د. ڕێبوار کەریم مەحموود، سەرۆکی فراکسیۆنی ڕەوتی هەڵوێست لە پەرلەمانی عێراق، لە پەیامێکی فەرمیدا سەبارەت بە بڕیاری دوورخستنەوەی ئەو مامۆستا ئایینییە ڕایگەیاند: «بڕیاری لابردنی بەڕێز مامۆستا (تاهیر کەلەباشی) لە وتارخوێندنەوە، یەکێکی ترە لە هەوڵەکانی دەسەڵات بۆ سەرکوتکردنی دەنگی ناڕازی. دەبوایە ئەم دەسەڵاتە بیزانیایە کە لە پێشتردا چەندین زانا و مامۆستای تری دوورخستەوە، بەڵام دەنگی ئازا و ئازاد هەر بەردەوامە.»
سەرۆکی فراکسیۆنی هەڵوێست باسی لە هۆکاری ئەو سزایە کرد و جەختی لەوە کردەوە کە «لابردنی مامۆستا تاهیر بەهۆی دڵسۆزییەوەیەتی بۆ میللەتەکەی، هەربۆیە دەبێ هەموومان دژی ئەم بڕیارە بوەستینەوە تا دەسەڵاتی ستەمکار لەو بڕیارەی پەشیمان دەبێتەوە.»
ئەم کاردانەوەیە لە درێژەی ئەو شەپۆلە ناڕەزایەتییە بەرفراوانەدایە کە لەسەر ئاستی جەماوەری، سیاسی و پەرلەمانی دژی بڕیارەکەی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دروست بووە. مامۆستا تاهیر کەلەباشی، کە پێشنوێژ و وتاربێژی مزگەوتی شێخ سەعیدی پیران بوو لە بەحرکەی سەر بە هەولێر، لە وتارەکانی هەینیدا بە بەردەوامی و بە شێوازێکی ڕەخنەگرانە دەستی بۆ قەیرانی مووچە، ناعەدالەتی، دۆخی خراپی گوزەرانی خەڵک و گەندەڵیی دەسەڵات دەبرد.
چاودێران و لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان پێیان وایە کە ئەم بڕیارە بەشێکە لە هەڵمەتێکی چڕی دەسەڵات لە هەولێر و ناوچەکانی تری هەرێم بۆ سنووردارکردن و کۆنترۆڵکردنی توندی گوتاری مینبەرەکان، بە جۆرێک کە پێشتریش چەندین مەلای ئایینیی ناڕازی بە هەمان شێوە سزادراون، لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە یان ڕووبەڕووی لێپێچینەوەی ئەمنی بوونەتەوە.
No Comment! Be the first one.