چاویارنیوز – بێگەرد تاڵەبانی دوو نامەی ناڕەزایەتی ئاراستەی وەزیری کشتوکاڵی عێراق دەکات و هۆشداری لە لێکەوتەکانی هەڵگرتنی باج لەسەر بەرهەمی هاوردە دەدات
بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێگەی دوو نامەی ناڕەزایەتییەوە کە ئاراستەی عەباس جەبر زەیدی، وەزیری کشتوکاڵی عێراقی فیدراڵی کردووە، نیگەرانیی توندی خۆی لە بەرامبەر بڕیاری لابردنی باج لەسەر بەرهەمە هاوردەکراوەکانی پەلەوەر دەربڕی و هۆشداری دا کە ئەم هەنگاوە بازاڕی ناوخۆ دەخنکێنێت و دەیان هەزار دەرفەتی کار دەخاتە مەترسییەوە.
وەزیری کشتوکاڵ ڕایگەیاند بەهۆی جێبەجێکردنی پلانە کشتوکاڵییەکان، کەرتی پەلەوەر لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە قۆناغی خۆبژێوی و بەرهەمهێنانی لەڕادەبەدەر، بە جۆرێک کە ئامارەکان بەم شێوەیەن:
هێلکەی خواردن: لە کۆی ٥٩ پڕۆژەی چالاک، ساڵانە زیاتر لە ٤.٨ ملیار هێلکە بەرهەم دەهێنرێت، لە کاتێکدا تەواوی پێداویستیی ناوخۆی هەرێم تەنها ١.٨ ملیار هێلکەیە.
گۆشتی مریشک: لە زیاتر لە ٢ هەزار و ١٠٠ پڕۆژەی مریشکی گۆشت، ساڵانە زیاد لە ٤٥٠ هەزار تۆن گۆشت بەرهەم دێت، لە کاتێکدا پێداویستیی ساڵانەی هەرێم تەنها ١٥٠ هەزار تۆنە.
بێگەرد تاڵەبانی جەختی لەوە کردەوە کە ئەم داتایانە سەلمێنەری ئەوەن کە بەرهەمی پەلەوەریی هەرێم نەک تەنها بەشی ناوخۆ دەکات، بەڵکوو توانای ئەوەی هەیە پێداویستیی تەواوی پارێزگاکانی عێراقیش دابین بکات. لەبەر ئەوە، بڕیاری هەڵگرتنی باج و گومرگ لەسەر بەرهەمی هاوردەکراوی دەرەکی، زیانێکی دارایی قورس و گورزێکی کوشندە لە کێڵگەکان و خاوەن پڕۆژەکان دەوەشێنێت.
لە کۆتایی نامەکانیدا، وەزیری کشتوکاڵ داوای لە حکوومەتی فیدراڵ کردووە لە بری بڕیاری لەو شێوەیە، پشتیوانی لە دابینکەرانی ئالیک و کێڵگەکانی پەلەوەر بکات و ئاسانکاری بکات تاوەکوو بەرهەمی زیادەی هەرێمی کوردستان بەبێ ڕێگری و کۆسپ بگاتە تەواوی پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق.
No Comment! Be the first one.