چاویارنیوز _میدیاکانی عێراق لە زاری سەرچاوە ئەمنییەکانەوە ئاشکرایانکردووە، هاوسەر و خوشکی تۆمەتبار عەدنان جومێلی بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری پاڵاوتن، بەگەندەڵییەکی گەورە تێوەگلاون و بەر لە گەیشتنی هێزە ئەمنییەکان بۆ یەکێک لە ماڵە تایبەتەکانیان، نزیکەی پێنج ملیۆن دۆلاریان لەناو تەنوورێکی گڵدا سووتاندووە، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ شاردنەوەی بەڵگەکانی پەیوەست بە دۆسێکەیان.
ئەم رووداوە، هاوکاتە لەگەڵ بەردەوامیی لێکۆڵینەوەکان لە دۆسیەی جومێلی، کە بەپێی زانیارییەکانی دەسەڵاتی دادوەری، تا ئێستا توانراوە دەست بەسەر نزیکەی 40 موڵک و خانووبەرەدا بگیرێت لە هەریەک لە شارەکانی بەغداد، سەڵاحەددین، و هەولێر. سەرباری ئەوەش، دەست بەسەر 10 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی، سێ ملیار دیناری عێراقی، و نزیکەی کیلۆیەک و نیو زێڕدا گیراوە.
لە لایەکی دیکەوە، دەسەڵاتی دادوەری ڕایگەیاندووە کە دەستیان بەسەر بڕێکی زۆر لە چەکی سووک و مامناوەنددا گرتووە، و لێکۆڵینەوەکانیش بەردەوامن بۆ ئاشکراکردنی سەرجەم ئەو کەس و لایەنانەی لەم دۆسیەیەدا تێوەگلاون.
No Comment! Be the first one.