چاویانیوز – پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان ڕەخنەی توند لە بڕیاری دوورخستنەوەی وتاربێژێکی دیاری هەولێر دەگرێت و بڕیارەکە وەک پەلامارێک بۆ سەر ئازادیی ڕادەربڕین و بێدەنگکردنی دەنگە ڕەخنەگرەکان لە قەڵەم دەدات.
گۆران دیبەگەیی، پەرلەمانتاری جووڵانەوەی نەوەی نوێ، لە پەیامێکی ناڕەزایەتیدا سەبارەت بە دوورخستنەوەی مامۆستا تاهیر بەحرکەیی، پێشنوێژ و وتاربێژی مزگەوتی «شێخ سەعیدی پیران» لە شارەدێی بەحرکەی سەر بە پارێزگای هەولێر، ڕایگەیاند: «دوورخستنەوەی مامۆستا تاهیر پەلامارێکی ئاشکرایە بۆ سەر ئازادیی ڕادەربڕین و سزادانی هەڵوێستی مەردانەیەتی بەرامبەر ستەمکاران.»
ئەم هەڵوێستەی پەرلەمانتارەکەی نەوەی نوێ دوای ئەوە دێت کە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە پاساوی پابەندنەبوون بە ڕێنماییەکان و گوتاری فەرمیی وەزارەت و دەستبردن بۆ مژارە سیاسی و ناڕەزایەتییەکان لەسەر مینبەر، بڕیاری دوورخستنەوە و دەستلەکارکێشانەوەی بەسەر ئەو مامۆستا ئایینییەدا سەپاند. مامۆستا تاهیر بەحرکەیی پێشتریش لە وتارەکانیدا چەندین جار بە ئاشکرا ڕەخنەی لە قەیرانی مووچە، نادادپەروەریی کۆمەڵایەتی، دۆخی بژێویی هاووڵاتییان و گەندەڵیی دەسەڵات گرتبوو.
پێشتریش لە ماوەی کابینەی نۆیەمدا، چەندین مامۆستای ئایینی و وتاربێژی دیکە لە هەولێر، دهۆک و ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان بەهۆی ڕەخنەگرتن لە سیاسەتەکانی دەسەڵات یان پشتیوانیکردن لە خۆپیشاندان و مافی مووچەخۆران لە وتاربێژی دوورخرانەوە یان لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە ڕووبەڕووی لێپێچینەوە و فشار کرانەوە؛ هەنگاوێک کە لەلایەن چاودێران، فراکسیۆنەکانی ئۆپۆزسیۆن و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤەوە وەک بەرتەسککردنەوەی پانتایی ئازادیی بیروڕا و کۆنترۆڵکردنی توندی مینبەری ئایینی بە قازانجی دەسەڵات لێکدەدرێتەوە.
No Comment! Be the first one.