چاویارنیوز – لە کاتێکدا حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ناوی پشتیوانی لە بەرهەمی ناوخۆ، ڕێکارەکانی بۆ پاراستنی بەرهەمهێنەرانی ناوخۆیی توندتر کردووەتەوە، بەڵام ئەم سیاسەتە بووەتە بارگرانییەکی قورس لەسەر شانی خێزانە کەمدەرامەتەکان. مریشک و هێلکە، کە پێویستییەکی سەرەتایی هەر ماڵێکە، ئێستا بوونەتە قوربانیی قۆرخکاری و بێباکی لە ئاست نرخەکان.
سیاسەتی پشتیوانی لە کەرتی کشتوکاڵ و پەلەوەر، ئەرکێکی ستراتیژییە بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆراک و بووژاندنەوەی ئابووری، بەڵام کاتێک ئەم پشتیوانییە دەبێتە ئامرازێک بۆ قازانجی نادادپەروەرانەی بەرهەمهێنەران و سزادانی هاوڵاتی بە گرانکردنی نرخی خۆراک، ئەوا ئەو سیاسەتە لە ئامانجەکەی لادەدات. ئەگەر هەرێمی کوردستان توانای بەرهەمهێنانی هێلکە و مریشکی هەیە و تەنانەت دەتوانێت هەناردەی دەرەوەی بکات، بۆچی دەبێت هاوڵاتیی خۆمان بە نرخێکی گرانتر لە بازاڕەکانی دەوروبەر، پێداویستییەکانی بکڕێت؟
ئەم دۆخە چەند پرسیارێکی ڕەوا لەبەردەم حکومەت و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان دادەنێت:
ئایا بەرژەوەندیی چینێکی دیاریکراوی بازرگان و خاوەن پڕۆژە، لە سەرووی مافی ژیانی سەدان هەزار خێزانی هەژار و کەمداهاتە؟ بۆچی هاوسەنگی نێوان “دەستکەوتی بەرهەمهێنەر” و “توانای کڕینی هاوڵاتی” نەپارێزراوە؟
پێویستییەکانی قۆناغەکە بۆ دەربازبوون لەم قەیرانە:
١. کۆنترۆڵکردنی نرخ: حکومەت دەبێت بە ئەرکی خۆی هەستێت لە چاودێریکردنی وردی بازاڕ و ڕێگریکردن لە گرانفرۆشی و قۆرخکاری.
٢. سیاسەتی داتامەندی: هەر بڕیارێکی تایبەت بە باج، رسومات، یان ڕێگری لە هاوردەکردن، دەبێت لەسەر بنەمای توێژینەوەی زانستی و ئابووری بێت، نەک بڕیاری هەڕەمەکی کە ڕاستەوخۆ بژیوی خەڵک دەکاتە ئامانج.
٣. هاوسەنگیی دادپەروەرانە: پێویستە پاراستنی بەرهەمی ناوخۆ بە شێوەیەک بێت کە خەڵک نەبێتە قوربانی، بەڵکو بەرهەمەکە بە نرخێکی گونجاو بگاتە دەستی بەکاربەر.
لەکۆتاییدا، دەبێت ئەم ڕاستییە بە ڕوونی بە دەسەڵاتدارانی هەرێم بووترێت: پشتیوانی لە بەرهەمی ناوخۆ، بەڵێ! بەڵام گرانکردنی بژیوی هاوڵاتیان و سەپاندنی برسێتی بە ناوی پاراستنی بەرهەمەوە، نەخێر!
مافی هاوڵاتی بۆ دەستڕاگەیشتن بە خۆراکی پێویست بە نرخێکی گونجاو، هێڵی سوورە و نابێت لە پێناو هیچ بەرژەوەندییەکی تایبەتدا پێشێل بکرێت.
No Comment! Be the first one.