چاویارنیوز – لێدوانەکانی ئەم دواییەی کەسایەتییەکی دیاری ڕۆشنبیری و سیاسیی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە ڕۆڵی مێژوویی سەرۆک مام جەلال لە بەدەستهێنان و پاراستنی مافە دەستووری و داراییەکانی گەلی کورد، جارێکی تر دەرەنجامە کارەساتبارەکانی سیاسەتی توندڕەوانە و هەڵە ستراتیژییەکانی بنەماڵەی بارزانی هێنایەوە بەرباس؛ سیاسەتێک کە دەستکەوتە گەورەکانی سەردەمی مام جەلالی بە هەدەردان و قەیرانێکی قوڵی ئابووریی بەسەر خەڵکی هەرێمدا سەپاند.
بابەکر دڕەیی، بەڕێوەبەری پێشووی ڕۆشنبیریی سلێمانی و هەڵسوڕاوی بزووتنەوەی گۆڕان، لە وتارێکدا بە ڕاشکاوی ئاماژەی بە پێگەی بەهێزی سەرۆک کۆماری کۆچکردووی عێراق کردووە و نووسیویەتی: «ئەوە گەورەیی و مەزنیی سەرۆک مام جەلال بوو کە لە سەردەمی ئەودا پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراق ۱۷٪ بوو.» ئاماژەیەک کە بیرهێنەرەوەی قۆناغی زێڕینی هاوسەنگیی سیاسی، دیپلۆماسییەکی ژیرانە و سەقامگیریی ئابووری بوو لە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدادا.
چاودێرانی سیاسی جەخت لەوە دەکەنەوە کە کۆچی دوایی مام جەلال و نەمانـی دیدگا و ژیرییە سیاسییەکەی بۆ دیالۆگ و پێکەوەژیان لەگەڵ بەغدا، دەرفەتی بۆ دەسەڵاتی تاکڕەوانە و سیاسەتی سەرکێشانەی پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرکردایەتییەکەی ڕەخساند. لوتکەی ئەم هەڵە کوشندانە لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆمە شکستخواردووەکەی ۲۰۱۷ و دۆسیەی ناڕوونی فرۆشتنی سەربەخۆی نەوتدا دەرکەوت؛ سەرکێشیگەلێک کە نەک هەر دەستکەوتی نەبوو، بەڵکوو بووە هۆی دابەزینی پشکی هەرێم لە ۱۷٪ـەوە بۆ کەمتر لە ۱۲٪، لەدەستدانی پێگە دەستوورییەکان و پچڕانی بەردەوامی مووچەی فەرمانبەران.
ئەمڕۆ لە کاتێکدا هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان لە ژێر بارگرانیی هەڵئاوسان، گرانیی لەڕادەبەدەری سووتەمەنی و بێمووچەییدا دەناڵێنن، شرۆڤەکاران پێیان وایە کە باجی سەرەکیی ئەم سیاسەتە حیزبی و سەرکێشانەی بارزانییەکان تەنیا لە گیرفانی خەڵکی کوردستان دەڕوات. بە بڕوای چاودێران، دوورکەوتنەوەی دەسەڵاتدارانی ئێستای هەولێر لە عەقڵانییەتی مام جەلال و پێداگری لەسەر قۆرخکاری، هەرێمی کوردستانی لە شەریکێکی بەهێزی دەسەڵاتی عێراقەوە گۆڕیوە بۆ قەوارەیەکی بێپشتوپەنا و غەرقی قەیرانی خۆکرد، کە باجەکەی ڕۆژانە هاووڵاتییان بە هەژاری و ناسەقامگیری دەدەن.
No Comment! Be the first one.