چاویارنیوز – نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە زمانێکی زۆر ڕاشکاو و توند، سەرکۆنەی ئەو گرووپ و هێزە چەکدارانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی کرد کە بە ڕەفتاری نابەرپرسانەیان، ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستانیان لەبەردەم هەڕەشەی ڕاستەوخۆ و مەترسیی کوشندەدا دانا.
بارزانی لە گوتارەکەیدا لە «دیداری مێری» بە توڕەییەوە باسی لەو دۆخە کرد کە ئەو هێزانە دروستیان کردبوو و وتی: «ئەو هێزانە بە شێوازێکی زۆر بێباکانە و نابەرپرسانە ڕەفتاریان کرد. ئەوان تەنیا خەریکی نمایشکردنی خۆیان بوون و بە کردەوەکانیان هەرێمی کوردستانیان تووشی تەنگژەیەکی ئەمنی و سیاسیی زۆر مەترسیدار کرد.»
سەرۆکی هەرێم بە توندی ڕەخنەی لەو «شانۆگەرییە میدیاییانە» گرت کە ئەو گرووپانە لە سۆشیال میدیاوە بەڕێوەیان دەبرد و گوتی: «ئەوانەی لە سۆشیال میدیاوە خۆیان وەک پاڵەوانی جەنگ نیشان دەدا و بانگەشەی ئەوەیان دەکرد لە هەرێمەوە دەچن بۆ ناو ئێران، تەنیا خەریکی یاریکردن بوون بە چارەنووسی خەڵکی ئێمە و هەرێمیان خستبووە بەردەم مەترسیی گەورە.»
بارزانی بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە دەسەڵات قبووڵی ناکات خاکەکەی بکرێتە سەرچاوەی پشێوی، ڕایگەیاند: «ئێمە هەر لە سەرەتاوە زانیمان کە ئەم ئیشە گەمژانەیە و نابێت ڕێگەی پێ بدەین. پارتی و یەکێتی لەسەر ئەوە یەکدەنگ بووین؛ هێزمان بۆ سنوورەکان نارد و ڕامان گەیاند کە هیچ هێزێکی چەکدار بۆی نییە هەرێمی کوردستان وەک مەکۆ و شوێنێکی ئەمین بۆ خۆی بەکاربهێنێت و لەوێوە دراوسێکانمان هەراسان بکات. ئەمە نەک هەر بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان، بەڵکو بەپێی عورف و دەستووری عێراقیش تاوانە و قبووڵ ناکرێت.»
سەرۆکی هەرێم بە ناڕاستەوخۆ ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو هێزانە ویستوویانە بە کردەوەی «خۆنمایشیانە»، سەروەری و ئاسایشی هەرێمی کوردستان بخەنە ژێر پرسیارەوە، بەڵام هەڵوێستی یەکگرتووی هێزە سیاسییەکان لە هەرێم، ڕێگریی لەم بەلاڕێدابردنی دۆخە کرد و ڕێگەی نەدا ئەجێندای ئەم گرووپانە هەرێم بەرەو ئاگرێکی گەورەتر ڕابکێشێت.
No Comment! Be the first one.