چاویارنیوز – لە کاتێکدا قەیرانی ئابووری و نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان تەنگی بە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان هەڵچنیوە، پەرلەمانتاری پێشوو، عەلی حەمەساڵح، پەردە لەسەر گەندەڵییەکی گەورە لە کەرتی کارەبادا لادەدات و ئاشکرای دەکات کە سەرەڕای کۆکردنەوەی زیاتر لە تریلیۆنێک دینار لە گیرفانی خەڵک، کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم بە ملیاران دۆلار قەرزاری کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانە و کەرتی پیشەسازی و کشتوکاڵیشی بەرەو داڕمان بردووە.
عەلی حەمەساڵح، وەک وەڵامێک بۆ پەلامار و هێرشەکانی دەسەڵاتی هەولێر و میدیا سێبەرەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە نووسینێکدا بە داتاوە شکستی ئیداری و سیاسەتی تاڵانکاریی دەسەڵاتی خستەڕوو و ڕایگەیاند: تەنیا لە ۹ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، داهاتی کۆکراوەی کارەبا گەیشتووەتە «یەک تریلیۆن و ٤٠٠ ملیار دینار»، بەڵام چارەنووسی ئەم پارە زەبەلاحە نادیارە و حکومەت ڕوونی ناکاتەوە چۆن و لە کوێ خەرج کراوە!
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کردووە کە سەرەڕای سەپاندنی ئەم هەموو پارە و سەرانەیە بەسەر هاووڵاتییاندا، حکومەتی مەسرور بارزانی نەک هەر کێشەی کارەبای چارەسەر نەکردووە، بەڵکوو زیاتر لە «۱۰ ملیار دۆلار» قەرزاری کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی کارەبایە؛ ئەمەش دەرخەری فەشەلی دارایی و بەهەدەردانی سامانی گشتییە لە ژێر سایەی ئەم کابینەیەدا.
لە بەشێکی دیکەی ڕەخنەکانیدا، عەلی حەمەساڵح تیشکی خستووەتە سەر بارگرانیی توند لەسەر چینی هەژار و کەمدەرامەت و دەڵێت: «لە نرخی کارەبادا بە هیچ شێوەیەک ڕەچاوی بژێویی خەڵک نەکراوە؛ نزیکەی ۱۰۰ هەزار ژنی بێ هاوسەر و دەیان هەزار نەخۆش و تووشبووی شێرپەنجە هەن کە توانای داراییان نییە، کەچی بە شێوەیەکی ستەمکارانە و بە ناوی (خەمڵاندن)ەوە، پارەی کارەبا بۆ دەیان هەزار کەس دەبەسترێتەوە بێ ئەوەی هیچ کارەبایەکیان بەکارهێنابێت.»
چاودێران پێیان وایە کە ئەم سیاسەتە قۆرخکاری و بێسەروبەرەی کابینەی نۆیەم، نەک تەنیا ماڵەکانی تەنگەتاو کردووە، بەڵکوو کەرتی کشتوکاڵ و پیشەسازیشی خستووەتە بەردەم داڕمانێکی یەکجارەکی. بە بڕوای شارەزایان، هێرش و تۆمەتەکانی دەسەڵات بۆ سەر دەنگە ناڕازییەکان نیشانەی شڵەژانی کابینەکەی مەسرور بارزانییە بەرامبەر ئاشکرابوونی ئەو ڕاستییەی کە داهاتی کارەبا تەنیا بۆ پرۆژە حیزبییەکان و بەرژەوەندیی کۆمپانیاکانی دەسەڵات بەکار دەهێنرێت و خەڵکی هەرێمیش دەبێت باجەکەی بە گرانی و بێخزمەتگوزاری بدەن.
No Comment! Be the first one.