چاویارنیوز – لە کاتێکدا قەیرانی دارایی و نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانی تەنگەتاو کردووە، ڕەخنەکان لە سەرچاوەی خەرجیی «دیداری میری» و ئامانجەکانی ئەم کۆڕبەندە ساڵانەیە ڕوو لە زیادبوونن. هونەرمەند و نووسەر «هەردی سەلاح» لە نووسینێکی تونددا ئەم دیدارەی بە «بەفیڕۆدانی سامانی گشتی» ناودێر کردووە و داوای لێکۆڵینەوە لە خەرجییەکانی دەکات.
هەردی سەلاح لە نووسینەکەیدا ئاشکرای دەکات کە ماوەی ۱۱ ساڵە بەناوی «دیداری میری»یەوە، دەیان ملیۆن دۆلار لە پارەی خەڵکی کوردستان خەرج دەکرێت، بێ ئەوەی هیچ سوودێکی گەردیلەیی بۆ خەڵک و پرۆسەی حوکمڕانی لە هەرێم هەبێت.
لە بەشێکی دیکەی ڕەخنەکانیدا، ئەم نووسەرە دیداری میری وەک پلاتفۆرمێکی «نمایشی» و «بێبەرهەم» وەسف دەکات و دەڵێت: «ئەم جۆرە دیدارانە زیاتر لەوەی خزمەتێک بێت، بۆتە دۆزینەوەی هەلی کار بۆ ئەو وەزیر و کەسایەتییە سیاسییانەی کە لە پۆستەکانیاندا شکستیان هێناوە و مەیلیان لە حزبێکەوە بۆ حزبێکی تر گۆڕیوە.» بە بڕوای ناوبراو، ئەم دیدارە تەنیا مەبەست لێی گەرمکردنی بازاڕی ئەو سیاسییانەیە کە لە سیاسەتی فەرمیدا کەنارگیر کراون.
لەکۆتایی نووسینەکەیدا، هەردی سەلاح ڕووی دەمی دەکاتە دامەزراوەکانی چاودێری و پەرلەمان و پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە ئەگەر پەرلەمانێکی کارا لە هەرێم هەبووایە، دەبوو یەکەم هەنگاوی لێکۆڵینەوە بێت لە سەرچاوەی ئەو ملیۆنان دۆلارەی کە ساڵانە بەناوی ئەم دیدارەوە لە گیرفانی خەڵک دەردەهێنرێت و بەبێ هیچ بەرهەمێکی نیشتمانی بەفیڕۆ دەدرێت.
چاودێرانی سیاسی پێیان وایە ئەم جۆرە کاردانەوانە نیشانەی قووڵبوونەوەی متمانە شکانی خەڵکە بەو پلاتفۆرمانەی کە بە ناوی «شیکاریی سیاسی» و «دیالۆگەوە» خەرجیی زەبەلاح دەکەن، لە کاتێکدا دۆخی بژێوی خەڵک ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو خراپتر دەچێت.
No Comment! Be the first one.