چاویارنیوز – سەردەمی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، زیاتر لەوەی سەردەمی سیاسەتی دەرەکی بێت، بۆ چەند کەسایەتییەکی نزیک لە ترەمپ، بریتی بوو لە «دیپلۆماسیی کاسبی». ئێستا بەڵگەکان زیاتر لە جاران ڕوو لە تۆم باراک، بازرگانی نزیک لە ترەمپ دەکەن، کە چۆن پێگە و پەیوەندییە سیاسییەکانی بۆ بەدەستهێنانی قازانجی تایبەت و گرێبەستە نێودەوڵەتییەکان بەکارهێناوە.
ئەستەنبوڵ؛ ناوەندی کۆبوونەوە گوماناوییەکان
یەکێک لە دەرکەوتووترین وێنەکانی تۆم باراک، ئەو وێنەیەیە کە لەگەڵ فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە ئوتێلێکی ئەستەنبوڵ تۆمار کراوە. ئەم ئوتێلە کە ناوی «ئەلییە»یە، خاوەنەکەی «فەتاح تامینجی»یە، کە بەپێی راپۆرتەکانی میدیای تورکی، تۆم باراک هاوبەشە لەگەڵیدا.
ئەم کۆبوونەوەیە تەنیا دیداری دوو کەسایەتی سیاسی نییە؛ بەڵکو ئاماژەیە بۆ تۆڕێکی ئاڵۆزی بازرگانی. بەپێی زانیارییەکان، باراک لەم ئوتێلەدا نەک تەنیا لەگەڵ بەرپرسانی عێراقی، بەڵکو چەندین کەسایەتی دیکە، بەتایبەت لایەنە سوورییەکانی بینیوە. ئەمە گومانی ئەوە دروست دەکات کە ئوتێلەکە لە ئەستەنبوڵ، زیاتر لەوەی شوێنی حەوانەوە بێت، ناوەندێکی «دیپلۆماسیی کاسبی» بووە بۆ مامەڵەکردن لەسەر کێشە ناوچەییەکان.
گرێبەستی بۆری نەوتی کەرکوک – بانیاس
تەنها وێنەکان نین کە گومانەکان دروست دەکەن، بەڵکو گرێبەستەکان ئەسپی خۆیان دەخەنە ڕوو. تۆم باراک لە گرێبەستی هێڵی نەوتی کەرکوک – بانیاس پشکی هەیە و شەریکە. ئەم ڕاستییە، پرسیاری جددی لەسەر ڕۆڵی سیاسیی باراک لە عێراق و ناوچەکە دروست دەکات؛ ئایا ئەو وەکو ڕاوێژکارێکی سیاسی کاری دەکرد یان وەکو دەڵاڵێکی نەوت کە هەوڵی بەستنی گرێبەست دەدات؟
تێڕوانینێکی گشتی بۆ «ترەمپیزم»
ئەوەی لەسەر تۆم باراک دەردەکەوێت، وێنەیەکی بچووککراوەی دۆخی ئیدارەی ترەمپە. لەو سەردەمەدا، دەسەڵات، پێگەی سیاسی، توانا دیپلۆماسییەکان و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، بەتەواوی خرایە خزمەتی «پارە پەیداکردن». سیاسەت بۆ ئەوان ئامرازێک نەبوو بۆ ئاشتی یان جێگیرکردنی دۆخی ناوچەکە، بەڵکو ئامرازێک بوو بۆ ئەوەی هەر کۆبوونەوەیەک، هەر سەردانێک و هەر پەیوەندییەکی دیپلۆماسی، بەشێک بێت لە پرۆسەی کۆکردنەوەی سەرمایە.
ئەمە ئەو ڕاستییەیە کە ئێستا بۆ ڕای گشتی ڕوون دەبێتەوە: دیپلۆماسی لە سەردەمی ئیدارەی پێشووی ئەمریکا، زیاتر لەوەی لە خزمەتی بەرژەوەندییە باڵاکانی نەتەوەیی بێت، لە خزمەتی ژمارەی بانکیی کەسانی وەک تۆم باراکدا بووە.
No Comment! Be the first one.