چاویارنیوز – لە میانەی بەشداریکردنی لە «دیداری مێری»، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، نەخشەڕێگەی نوێی یەکێتیی بۆ دۆخە هەستیارەکەی ناوچەکە و عێراق خستەڕوو و وەڵامێکی توند و بێپردی ئاراستەی سیاسەتەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان کرد. تاڵەبانی ڕایگەیاند کە ناوچەکە و هەرێمی کوردستان لەژێر مەترسییەکی گەورەدان و چیتر ناکرێت بەو شێوە کۆنە و بەو عەقڵییەتە داخراوەی کە پارتی پەیڕەوی دەکات، کار بۆ داهاتووی هەرێم بکرێت.
هەڵوێستی ستراتیژیی یەکێتی؛ لە ئاشتی لە تورکیاوە تا بەغدا
بافڵ تاڵەبانی بە ئاماژەدان بە دۆخی ئاڵۆزی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، جەختی کردەوە کە یەکێتی وەک خەمخۆرێکی نەتەوەیی سەیری ڕووداوەکان دەکات و پێویستە هەمووان پشتیوانی پرۆسەی ئاشتی بن لە تورکیا، چونکە ئارامیی تورکیا و ناوچەکە بەشێکە لە ئاسایشی کورد.
سەبارەت بە بەغدا، سەرۆکی یەکێتی پێداگری لەسەر «گۆڕینی سیاسەتی هەرێم لە بەغدا» کردەوە و ڕایگەیاند: «عیراقێکی دەوڵەمەند و ئارام واتای کوردستانێکی دەوڵەمەند و ئارامە.» ئەم وتانە بە واتای تێپەڕاندنی ئەو سیاسەتە گۆشەگیر و ناکۆکەی پارتی دێت کە ساڵانێکە کێشەی بۆ هەرێم دروست کردووە و یەکێتی دەیەوێت بە پشتبەستن بە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و تێگەیشتن لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان، ئەو دۆخە ڕاست بکاتەوە.
وەڵامێکی توند بۆ پارتی: «تەنها من ۱٦ جار هاتومەتە لاتان، بەڵام سازش ناکەین»
بەشێکی گەرمی قسەکانی بافڵ تاڵەبانی تایبەت بوو بە ڕووبەڕووبوونەوەی پارتی، بەتایبەت کاتێک ڕەخنەی توندی لە هەڵوێستی پارتی بەرامبەر بە ڕێککەوتنەکانی یەکێتی لەگەڵ «نەوەی نوێ» گرت. تاڵەبانی بە ڕاشکاوی ڕووی کردە پارتی و وتی: «ئێوە کێن تا ئیعتیراف بە ڕێککەوتنی ئێمە و نەوەی نوێ نەکەن؟»
ئەم هەڵوێستە نیشانەی ئەوەیە کە؛ یەکێتی چیتر قۆرخکاریی پارتی لە بڕیارە سیاسییەکان قبوڵ ناکات. بافڵ تاڵەبانی ئاشکرای کرد کە بۆ چارەسەری کێشەکان و لێکنزیکبوونەوە، تەنها خۆی ۱٦ جار سەردانی هەولێری کردووە و لەگەڵ کەسایەتییە باڵاکانی پارتی کۆبووەتەوە، بەڵام بەهۆی ڕەقبوونی هەڵوێست و نەبوونی نەرمی لەلایەن ئەوانەوە، هیچ ئەنجامێکی نەبووە.
تاڵەبانی لە کۆتایی پەیامەکەیدا بۆ پارتی، هۆشداری دا کە «دەبێت لە هەڵەکانی پێشوو فێربین» و جەختی کردەوە کە یەکێتی بەڵێنی داوە بە خەڵکی خۆی کە سازش لەسەر مافەکانیان ناکات؛ پەیامێک کە ئاماژەیە بۆ ئەوەی چیتر سەردەمی ژێردەستی و سازشکردنی یەکێتی بۆ ئارەزووەکانی پارتی کۆتایی هاتووە.
No Comment! Be the first one.