چاویارنیوز – دوای ئەوەی دەیان جار ڕاپۆرت لەسەر پێشێلکارییەکانی سەرکردایەتیی حزبی کۆمۆنیستی ئێران بڵاو کرایەوە، جارێکی دیکە هەواڵێکی نوێی ” دەستدرێژی سێکسی” لەلایەن ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندیی ئەو حزبەوە، شەپۆلێکی توڕەیی و نیگەرانیی لەناو ئەندامانی ئەو رێکخراوەدا دروست کردووە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست کەوتوون، کەسێک بە ناوی “هـ.پ” کە یەکێکە لە ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندیی حزبی کۆمۆنیستی ئێران و لە وڵاتی ئەڵمانیا نیشتەجێیە، لە سەردانێکی تشکیلاتی بۆ کەمپەکانی حزب لە هەرێمی کوردستان، دەستدرێژیی سێکسی کردووەتە سەر پێشمەرگەیەکی پیاوی ئەو حزبە.
سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە قوربانییەکە بە فەرمی سکاڵای لە سکرتارییەتی حزب تۆمار کردووە و تەنانەت بەڵگەی نامە و پەیامە هەڕەشەئامێزەکانی “هـ.پ”-ی پێشکەش بە بەرپرسانی حزب کردووە. لەگەڵ ئەوەشدا، دەوترێت سکرتارییەتی حزب بە مەبەستی شاردنەوەی ڕاستییەکان و لە ترسی ئابڕووچوون، مۆبایلەکەی سکاڵاکارەکەیان دەستبەسەر کردووە و تا ئێستا ڕادەستی نەکراوەتەوە.
گەندەڵی و لاپۆشیکردن؛ خەسڵەتی سەرکردایەتیی حزب
ئەم ڕووداوە لەکاتێکدایە کە دەنگۆی گەندەڵییە ئەخلاقی و داراییەکانی سەرکردایەتیی حزبی کۆمۆنیستی ئێران ماوەیەکی زۆرە لە ئارادایە و بە روونی بۆ هەمووان ئاشکرا بووە. “هـ.پ” کە وەک کەسێکی نزیک لە “ئیبراهیم عەلیزادە” ناسراوە و پارێزگاریی لێ دەکرێت، دوای ئاشکرابوونی ئەم کەیسە، ناچار بە دەستلەکارکێشانەوە لە کۆمیتەی ناوەندی بووە و بە خێرایی لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی هەولێرەوە بەرەو ئەڵمانیا هەڵاتووە.
ئەمە یەکەمجار نییە کە دەستدرێژیی سێکسی و پێشێلکاری لەناو ڕیزەکانی ئەم حزبەدا ڕوو دەدات. پێشتر دۆسیەی “سەعید ئەمانی” و دەستدرێژیی بۆ سەر کچانی پێشمەرگە بووە هۆی نیگەرانییەکی زۆر، کە وەک چاودێران دەڵێن؛ سەرکردایەتیی حزب بەتایبەت ئیبراهیم عەلیزادە، هەموو هەوڵێکیان خستەگەڕ بۆ “لاپۆشیکردن” و لەبیربردنەوەی ئەو تاوانانە.
ئێستا پرسیاری سەرەکیی ئەندامان و لایەنگرانی ئەو ڕەوتە ئەوەیە: ئایا ئەم دۆسیەیە وەک پێشینەکانی دیکە بە لاپۆشیکردن کۆتایی دێت؟ ئایا سەرکردایەتیی حزب ئامادەیە ڕووبەڕووی ئەم گەندەڵییە ئەخلاقییانە ببێتەوە، یان پێشێلکاری و سوکایەتیکردن بە کەرامەتی ئەندامان بەردەوام دەبێت و کەسانی تاوانبار و نزیک لە دەسەڵات، بێ سزای یاسایی دەمێننەوە؟
No Comment! Be the first one.